نەمسا: کاتێکی زۆرمان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران لە بەردەست نەماوە

(0) / / ئەورووپا / ڕێکەوتنی ناوەکی


Apr 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزیری دەرەوەی نەمسا هاوکات لە گەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لێژنەی هاوبەشی ڕێکەوتنی ناوەکی لە ڤیەننا وتی کە کاتی زۆرمان بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنە لە بەر دەست نەماوە و ئەمەش دوایین شانسی بەردەم وڵاتانی ئەندام لە ڕێکەوتنی ناوەکییە.

ئەلکساندر شالێنبرگ وتی کە هەر دوو لایەنی ڕێکەوتنی ناوەکی لە ژێر گوشارێکی زۆردان.

ناوبراو وتی کە کاتەکە بۆ هەر دوو لایەنی ئەم ڕێکەوتنە بە خێرایی بەرەو لەناوچوون دەڕوات بەڵام دیارە کە بۆ هەندێک لایەن بەرژەوەندییان لە شکستی دانوستانەکانە.

وەزیری دەرەوەی نەمسا بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی لە گەڵ لایەنەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی وتی کە هەر دوو لا پابەندی بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانن و ڕەنگە ئەمە دوایین هەوڵی دیپلۆماسی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە بێت.

شالێنبرگ وتی کە شکستی دانوستانەکانی تایبەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی کاریگەریی لە سەر ئاسایشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا دەبێت./.