ئایا قەتەر دەتوانێت ڕزگارکەری ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران بێت؟

(0) / / ڕاپۆرت / ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران


Jan 30, 2023

قەبارەی فۆنت:

سەرکەوتنی قەتەر لە هەوڵەکانی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی بەندە بە ئاستی ئامادەیی ئێران بۆ پێدانی ئیمتیاز بە لایەنی بەرامبەر کە ئەمەش ئەستەمە ڕوو بدات، لە بەر ئەوەی کە ئێرانییەکان پرسی هێرشی سەربازی لە دژی خۆیان بە دوور دەزانن.

قەتەر وەک لە جموجوڵە دیپلۆماسییەکانیدا دیارە، دەیەوێت دۆسیەی دانوستانەکانی ناوەکیی ئێران دەست پێبکاتەوە، هەوڵێک کە بە وتەی شارەزایان بۆ نیگەرانیی دەوحە لە ئەگەری دەستپێکردنی شەڕێکی ناوچەیی دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەندە بە گۆڕینی هەڵوێستەکانی تارانەوە.

محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕۆژی یەک شەممە 29 ی کانوونی دووەمی 2023 لە میانەی سەردانەکەی بۆ تاران و لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، وتی کە دەوحە هەوڵ دەدات هەلومەرجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ناوەکی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا دابین بکات. لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتی کە وڵاتەکەی لە ڕێگای قەتەرەوە چەند پەیامێکی لایەنەکانی دیکەی بە دەست گەیشتووە.

هەوڵە ڕاگیراوەکان

هەوڵەکان لە پێناو زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی لە مانگی تەمموزی ڕابردوو  و لەو کاتەوە کە یەکێتی ئەورووپا چەند پێشنیارێکی خستەڕوو و ئەمریکا چاکسازییەکانی ئێرانی لەو پێشنیارانەدا ڕەتکردەوە، ڕاگیراوە.

بە دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، دانوستانەکانی ناوەکیی ئێران گەیشتە بنبەست. ئەمریکا و ئێران یەکتریان بە بەرپرسی ڕاگرتنی دانوستانەکان تۆمەتبار کرد و جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە تشرینی دووەمی 2022 ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی ناوەکی مردووە بەڵام ئێمە ڕایناگەێنین.

لە کانوونی یەکەمی 2022 دیپلۆماتکارێکی پلەداری ئەورووپی وتی کە هۆکارێک بۆ گەڕانەوەمان بۆ ڤیەننا و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان نابینین و ئاماژەشی بەوەدا کە دانوستانەکان لە ڕاستیدا کۆتایی هاتووە.

ئەو دیپلۆماتکارە ڕایگەیاند کە ئێران دەیەوێت پێش گەڕانەوەی بۆ دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی، ناکۆکییەکانی لە گەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی چارەسەر بکات.

میخائیل ئولیانۆف نێردەی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤیەنناش ڕایگەیاند کە بەرەوپێشچوونی ئەوتۆ لە دانوستانەکانی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی ڕوو نادات.

دانوستانەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە چەند هۆکارێک ڕاگیراوە و وڵاتانی ڕۆژئاواش ئەوە بە بەربەستێک لە بەردەم زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی دەزانن.

هەوڵە بەردەوامەکانی قەتەر

پێگەی میدل ئیست ئای بەریتانی لە ئەیلولی 2022 ڕایگەیاند کە قەتەر ڕۆڵی بەرچاوی لە نێوەندگێڕیی ئێران و ئەمریکا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی هەبووە.

ئەو پێگەیە ڕایگەیاندووە کە قەتەر دەزانێت شکستی دانوستانەکان مەترسییەکان زیاتر دەکات و بەم بۆنەوە هەوڵ دەدات بە هەر شێوازێک ئێران و ئەمریکا بگەنە ڕێکەوتن.

دەوحە ساڵی ڕابردوو میوانداریی لە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا کرد بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو کە ناکۆکییەکان چارەسەر بکات.

تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر لە مانگی ئایاری 2022 سەردانی ئێرانی کرد و وتی کە پاڵپشتی لە ڕێکەوتنێکی دادپەروەرانە دەکەین کە بتوانێت مافەکانی ئێران بۆ کەڵک وەرگرتن لە وزەی ناوەکیی ئاشتیخوازانە دەستەبەر بکات و نەگاتە ئاستی گەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکی.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، ناسر دەرید شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی پێی وایە کە هەوڵەکانی قەتەر بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی پیشاندەری نیگەرانی دەستپێکردنی شەڕێکی ناوچەییە، هەرچەندە ئێران ئەمە بە دوور دەزانێت.

ناوبراو ڕایگەیاند کە سەرکەوتنی قەتەر لە هەوڵەکانی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی بەندە بە ئاستی ئامادەیی ئێران بۆ پێدانی ئیمتیاز بە لایەنی بەرامبەر کە ئەمەش ئەستەمە ڕوو بدات، لە بەر ئەوەی کە ئێرانییەکان پرسی هێرشی سەربازی لە دژی خۆیان بە دوور دەزانن.

دەرید لە کۆتاییدا وتی کە بەرەوپێشچوونی تاران لە دۆسیەی کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆ 35 ی ڕووسیا، بابەتێکە کە ئاستی ئامادەیی ئێران بۆ ئەگەری هەر هێرشێک دیاری دەکات./.