ئەمریکا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەگەڕێتەوە

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران


Apr 09, 2021

قەبارەی فۆنت:

شرۆڤەکارێکی باڵای سیاسی بە ئاماژە بە جموجوڵەکانی ئێستای زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی، وتی کە ڕێکەوتنی ستراتیژی ئێران – چین ڕۆڵی گەورەی لە هاندانی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە هەبووە.

عەبدولڕەزا فەرەجی ڕاد شرۆڤەکاری باڵای سیاسی سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەننای تایبەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران وتی: سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کەشێکی نوێی خوڵقاند، تا ڕادەیەک ئەو گوشارانەی پێشوو لە سەر ئێران نییە، ڕێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین ناکرێت، هەندێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد کران، بەرپرسانی وەک وەزیری دەرەوە و بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە ئەگەر ئێران بۆ بەڵێنەکانی بگەڕێتەوە، واشنتن بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەگەڕێتەوە.

ناوبراو وتی: ڕۆبرت مالی بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئێران دەبێت کەڵک لە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی بگرێت و هیچ مەرجێکی دیکەی دیاری نەکردووە، ئەمەش پیشان دەدات ئەمریکییەکان ڕەزامەندییان لە سەر گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەربڕیوە و دەیانەوێت گەمارۆکانی ئێران هەڵبگرن بەڵام ئەوەی کە بە چ میکانیزمێک ئەو کارە دەکەن، لە دانوستانەکاندا ڕوون دەبێتەوە.

ئەم مامۆستای زانکۆیە وتی کە ئێران و ئەمریکا دانوستانی ناڕاستەوخۆیان قبووڵ کردووە و وڵاتانی ئەورووپی و ڕووسیا لەم نێوەندەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە. بە گشتی پرۆسەکە لە کرانەوەیەکی جیدی دەچێت دەکرێت هیوامان بە باشتربوونی دۆخەکە هەبێت.

فەرەجی ڕاد وتی: ئەڵبەت نابێت چاوەڕوان بین کە ئەم کێشەیە بە چەند هەفتەیەک چارەسەر بکرێت بەڵام وەک چۆن کە ئاماژەمدا کرانەوەیەکی جیدی هاتووەتە پێشەوە و بە دڵنیاییەوە کە ڕێکەوتنی ستراتیژی 25 ساڵەی نێوان ئێران و چین ڕۆڵی لەمەدا هەبووە.

وتیشی کە بایدن لە هەمان سەرەتای واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئێران و چین بە نیگەرانییەوە باسی کرد. ئەمریکا چین بە ڕکابەری سەرەکی خۆی لە جیهان دەزانێت، ڕێکەوتنەکەی ئێران و چین شوێنپێی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە.

ناوبراو وتی: لە دانوستانەکانی ڤیەننا باس لە بابەتەکانی دیکە نەکراوە، بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش تەنیا ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری پابەندبوونی ئێران ئێمەش بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەگەڕێینەوە، هەر بۆیە پێناچێت لەم قۆناغەدا ئەوان بابەتەکانی دیکەی وەک پلانی مووشەکی بێننە دانوستانەکانەوە و تەنیا دەیانەوێت بە جۆرێک بۆ ڕەزامەندی ئێران ئیمتیاز بەم وڵاتە بدەن.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە لە کۆتاییدا وتی: ئەمریکییەکان لە ناوچەی کەنداوی فارس و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی هەوڵی خوڵقاندنی کێشە نادەن و هەست بەوە دەکەن کە ئێستاش تووشی کێشە بوون، واشنتن هەوڵی کشانەوەی بەشێکی زۆری هێزەکانی لە ئەفغانستان و عێراق دەدات و ئێرانیش بە وریایی چاودێری دۆخەکە دەکات بە تایبەت ئەوەی کە لە گەڵ ڕووسیا و چین پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە، ئەمریکاش هەست بەوە دەکات گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەتوانێت تا ڕادەیەک بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت./.