بافڵ تاڵەبانی لە گەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووە

(0) / / كوردستان / ئێران بافڵ تاڵەبانی بەغدا هەرێمی کوردستان محەممەد باقر قاڵیباف


Sep 10, 2023

قەبارەی فۆنت:
شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە شاری تاران لە گەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووە.
شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، ڕۆژی یەک شەممە 10 ی ئەیلولی 2023، لە گەڵ محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووە.
هەر یەک لە ڕەفعەت عەبدوڵڵا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، کۆسرەت ڕەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەدا ئامادە بوون و تێیدا جەخت لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان بە تایبەت یەکێتی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە.
محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ستایشی ڕۆڵی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراقی کرد لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و پاراستنی تەبایی و پێکەوەژیان لە نێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاجیاکان و وتی: یاد و یادەوەری مام جەلال هەموو کات بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ئێستاش یەکێتی بە هەمان ڕۆحییەتەوە درێژە بەو سیاسەتە تەندرووستە دەدات کە بێگومان هێزێکی کاریگەرە و ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی عێراقدا هەیە.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا بافڵ تاڵەبانی بە ئاماژە بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، وتی: هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بە سەر ئاستەنگەکاندا بەردەوامە و هیوادرام لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاو بنێین و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە کاری لەپێشینەمان بێت.
ناوبراو سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی یەکێتی و پەیوەندییەکانی لە گەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، وتی: یەکێتی بە ئیرادەیەکی بەهێز و سەربەخۆوە درێژە بە هەمان سیاسەتی هاوسەنگ و حەکیمانەی مام جەلال دەدات و دەمانەوێت خزمەتی گەلی خۆمان بکەین و لەو بڕوایەداین کە دەتوانین لە گەڵ دۆستەکانمان هەماهەنگی تەواومان هەبێت و پێکەوە لە پێناو بەدیهاتنی بەرژەوەندییە باڵاکان هەنگاو بنێین و پەیوەندییەکانمان لە گەڵ شێعە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەر لەو چوارچێوەدایە.