ئێران: ڕێکەوتنەکەمان لە گەڵ چین لە دژی وڵاتی سێهەم نییە

(0) / / ئاسیا / ڕێکەوتنی ستراتیژی ئێران - چین


Apr 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

باڵیۆزی ئێران لە چین ڕایگەیاندووە کە ئامانج لە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ستراتیژی 25 ساڵە، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە و لە دژی هیچ وڵاتێکی سێهەم نییە.

محەممەد کشاوەرززادە باڵیۆزی ئێران لە چین لە وتووێژی لە گەڵ گۆڤاری گلۆباڵ تایمز وتی کە میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا زانیاری درۆ و ساختەیان سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی تاران – پەکین بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە.

ناوبراو وتی: ئێران و چین مێژوویەک لە پەیوەندییەکانی نێوانیان هەیە و هیچ کات شەڕ و پێکدادانیان نەبووە، هەر دوو وڵات بە درێژایی مێژوو پەیوەندی ڕۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان هەبووە.

وتیشی کە چین هیچ کات هەوڵی داگیرکردنی وڵاتێکی دیکەی نەداوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەهێزبوونی چین لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن، ئەوان هەوڵ دەدەن کە وێنەیەکی مەترسیدار لە چین بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە بڵاو بکەنەوە کە پەیوەندییان لە گەڵ پەکین هەیە.

باڵیۆزی ئێران وتی: ئێران و چین ڕوبەڕوی چەندین هەڕەشەی هاوبەشی وەک تیرۆریزم، توندڕۆیی، تاوانی ڕێکخراوەیی و قاچاخی مادە هۆشبەرەکان بوونەتەوە کە پێویست بە هاوکاری بەردەوام لە پرسە گرنگە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات، گەیشتن بەم ئامانجانەش پێویستی بە هاوکاری زیاتر لە بەشی ئەمنی و سەربازی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و مەشق و ڕاهێنان و نمایشە سەربازییە هاوبەشەکان دەبێت.

محەممەد کشاوەرززادە وتی: ڕێکەوتنی ستراتیژی 25 ساڵەی نێوان ئێران و چین لە پێناو جێبەجێکردنی بەیاننامە هاوبەشەکەی هەر دوو سەرۆک کۆمارە لە ساڵی 2016 کە شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین سەردانی تارانی کرد و بۆ ماوەیەکی زۆر ڕێڕەوی پەیوەندییەکانی دیاریکردووە و ئامانجەکەشی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە نەک دژایەتی وڵاتێکی سێهەم./.