بۆ ئەردۆغان سەردانی عێراق ناکات؟

(0) / / ڕاپۆرت / تورکیا عێراق بەغدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان


Oct 05, 2023

قەبارەی فۆنت:
دوو بەرپرسی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە ئەنجامدانی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەم وڵاتە، پەیوەندی بە چارەسەرکردنی دۆسیەکانی نێوان ئەنکەرە و بەغداوە هەیە.
لە 25 ی حوزەیرانی ڕابردوو و پاش کۆبوونەوەی باڵیۆزی تورکیا لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرچاوەکانی نزیک لە حکومەتی بەغدا ڕایانگەیاند کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ئەم وڵاتە دەکات.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاند کە سەردانەکەی ئەردۆغان لە سەرەتای مانگی تەمموز دەبێت بەڵام تا ئێستا ئەو سەردانە نەکراوە.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی هەر دوو وڵات لە چەندین دۆسیەی سەرەکیدا هەیە.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق لە مانگی ئابی ڕابردوو بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان کرا و بڕیار بوو سەرۆک کۆماری تورکیا تەنانەت سەردانی بەسرەش بکات و لەوێوە پرۆژەی ڕێگای گەشە بۆ پێکەوەبەستنی ئەم پارێزگایە بە تورکیا دەست پێبکات.
ڕاشیگەیاندووە کە سەردانەکە هێشتا لە چوارچێوەی بەرنامەکانی هەر دوو وڵاتدایە بەڵام پێش ئەوە دەبێت چەندین دۆسیە یەکلایی بکرێتەوە، وەک داوکاری تورکیا سەبارەت بە پەکەکە بە تایبەت ناساندنی وەک گرووپێکی تیرۆریستی لە لایەن عێراقەوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەروەها پشکی ئاوی عێراق.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەرفەتی گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنکەرە دێتە پێشەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە تایبەت لە دۆسیەی ئاو بەردەوامە و چەندین لێژنەی پسپۆڕ سەرقاڵی ئەوەن کە دانوستانەکان بگاتە ئەنجامی پێویست.
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە هێشتا ئەنکەرە و بەغدا لە دۆسیەی پەکەکە و پێدانی قەرەبووی دیاریکراوی دادگای پاریس لە لایەن تورکیاوە بە عێراق ناکۆکی جیدییان هەیە.
ڕاشیگەیاندووە کە بۆردومانی ڕۆژانەی ناوچە جیاجیاکانی عێراق لە لایەن تورکیاوە پەیوەندیی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە و نابێت تورکیا بە بیانووی پەکەکە سەروەری عێراق پێشێل بکات.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی تورکیا ڕایگەیاندووە کە دواکەوتنی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا ئاساییە و هەر دوو وڵات بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لە دۆسیە جیاجیاکان سەرقاڵی دانوستانن.