پارەی سێ مانگەکە

(0) / / فایلی تایبەت / محەممەد شیاع سودانی عێراق بەغدا هەرێمی کوردستان


Nov 28, 2023

قەبارەی فۆنت:
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە بەغدایە و کۆبوونەوەکانیان لە سەر ناردنی پارەی سێ مانگەی کۆتایی ساڵ بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەردەوامە.
سەردانی شاندەکە لە سەر داوای سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە و لە گەڵ سودانی کۆبوونەتەوە.
پاش کۆبوونەوەی شاندەکە لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی، شاندەکەی هەرێم لە هەڵ لێژنەی تەکنیکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا وردەکارییەکانی تایبەت بە ناردنی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دیناری دیکە وەک قەرز بۆ مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 ی ساڵی 2023 ی مووچەخۆرانی هەرێم باس کراوە.
دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە. شاندەکەی هەرێم داوایان کردووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە گەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە یەک کاتدا دابەش بکرێت.
بەدەر لەمانەش، دۆسیەی نەوتی هەرێم، پارەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و پارەی خەرجی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بابەتی دیکەی ناو کۆبوونەوەکە بووە.
ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەر سێ مانگی 10، 11 و 12 ی ساڵی 2023 لە لایەن بەغداوە وەک قەرز، کارێکی ئاسان و بەپەلە نییە و دەبێت سودانی لە ئەنجومەنی وەزیران و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت باسی بکات و ڕەزامەندی لە سەر دەرببڕێت.