کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

(0) / / كوردستان / ئه‌مریكا ئه‌نتۆنی بلینكن مەسرور بارزانی عێراق


Feb 26, 2024

قەبارەی فۆنت:
له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌مریكا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كۆبوه‌ته‌وه‌و به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌، وه‌زیره‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ رایگه‌یاندوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان "هه‌رێمێكی ناوازه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌مریكا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێزانینی بۆ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه."
نوسینگه‌ی ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی بلینكن له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندوه‌: "ئه‌مریكا هاوبه‌شییه‌كی دوورودرێژی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر به‌های و به‌رژه‌وه‌ندی و قوربانیدان و مێژووی هاوبه‌ش بنیاتنراوه‌."
بلینكن وتویه‌تی، واشنتن سووره‌ له‌سه‌ر درێژه‌پێدان و به‌رده‌وامیدان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و خۆشی وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌و بواره‌ كارده‌كات و گرنگی زۆری پێ ده‌داو په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاش بۆ پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ رێژه‌ی 360 پله‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ڵێت، مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاندوه‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ شانازییه‌وه‌ خۆی به‌ هاوبه‌شی ئه‌مریكا ده‌زانێت و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ قۆناغی سه‌ختیان بڕیوه‌ و سوپاسگوزاره‌ و پێزانینی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ پاڵپشتییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌رده‌بڕێت.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم باسی ئه‌وه‌شی بۆ بلینكن كردوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی ئاڵنگاری زۆر بووه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكا مه‌به‌ستیانه‌ گفتوگۆ له‌و باره‌یه‌وه‌و له‌باره‌ی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوانشیان بكه‌ن.