نەورۆزنامەی ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان

(0) / / فایلی تایبەت / نەورۆز


Mar 20, 2024

قەبارەی فۆنت:
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کۆچی هەتاوی، هیوای خواستووە کە نەورۆز پەیامهێنەری ئاشتی و ئارامی بۆ هەمووان بێت.
لە پەیامەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێشدا هاتووە کە:
هاوڕێیانی ئازیز، نەورۆز ئاهەنگی لە دایکبوون و سەرەتایەکی نوێیە، سەرەتای ساڵی نوێ و هاتنی بەهار و دووبارە لەدایکبوونەوەی سرووشت.
ئەم ئاهەنگە ملیۆنان کەس لە نەوە و نەتەوە جیاوازەکانەوە کۆدەکاتەوە. لەم کاتە پڕ لە کێشە و قەیرانەدا، نەورۆز وتووێژ و دراوسێیەتی باش و ئاشتەوایی بەرەوپێش دەبات.
ئەم جەژنە ئامانج و بەهاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ بەرەوپێش دەبات. کەواتە با هەموومان بە ڕۆحی نەورۆز ڕێنمایی بین. با هێزی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پتەوکردنی یەکڕیزی و پاڵپشتی یەکتر بدۆزینەوە.
با بەرەبەیانی بەهار تووی هیوا لە دڵماندا گەشە بکات. بە هیوای ئەوەی بتوانین وەک خێزانێکی مرۆیی بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێین.
بە هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ئەوانەی ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن. هیوادارم ئارامی و تەندرووستی و دڵخۆشی بۆ هەموو لایەک بێت.