سەرۆك کۆماری عێراق بانگهێشتنامەیەکی لە پادشای بەحرێن-ەوە پێگەیشت

(0) / / ئاسیا / ڕوانگه


Mar 26, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگه ـ سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید بانگهێشتنامەیەکی نوسراوی لە خاوەنشکۆ حەمەد بن عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە پادشای بەحرێن-ەوە پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەی خولی ئاسایی 33یەمینی ئەنجومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەسەرئاستی لوتکە، کە بەحرێن لەمانگی ئایاری داهاتودا میوانداری دەکات. ئەمڕۆ سێشەممە 26-3-2024 سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی لە بەڕێز خالید ئەحمەد مەنسوڕ هەڵسوڕێنەری کاروباری بەحرێن کرد. لە سەرەتای دیدارەکەدا، هەڵسوڕێنەری کاروباری بەحرێن، سڵاوی شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفەی بە سەرۆك کۆمار گەیاند و خواستی خاوەن شکۆی بۆ بەردەوامیی سەقامگیری و پێشکەوتنی گەلی عێراق دوپاتکردەوە. هاوکات بەڕێز سەرۆك کۆمار، هەڵسوڕێنەری کاروباری بەحرێنی راسپارد سڵاوی خۆی بە پادشا بگەیەنێت و هیوای بەردەوامی گەشەکردن و خۆشگوزەرانی بۆ سەرکردایەتی و گەلی شانشینی بەحرێن خواست. هەروەها سەرۆك کۆمار پەرۆشی عێراقی دوپاتکردەوە بۆ سەرخستنی کارەکانی لوتکەی عەرەبی لە بەحرێن و گەیشتن بەو بڕیارانەی بەشداری دەکەن لە بەهێزکردنی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی روبەڕوی گەلانی ناوچەکە دەبنەوە بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت و خواستەکانیان لە ژیانێکی ئارام و سەقامگیر و ئاشتیدا بەدیبهێنێت. لەلایەن خۆیەوە هەڵسوڕێنەری کاروباری بەحرێن خواستی وڵاتەکەی دوپاتکردەوە بۆ بەشداریکردنی بەڕێز سەرۆك کۆمار لە لوتکەی بەحرێن بەوپێیەی عێراق رۆڵی سەرەکی هەیە لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.