سەرۆک کۆمار پێشوازی لەژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی دەکات
(0) /
ڕوانگه ـ سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، پێشوازیکرد لە بەڕێزان، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، ئەبو عەلی ئەلبەسری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، وەقاس ئەلحەدیسی، جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی.
لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024-3-28، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچو، تاوتویێ دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە کرا، کە تێیدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری نێوانیان و کاری هاوبەش کرد بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە ناوخۆدا بەدەست هاتوون، هەروەها کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی سنوورەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئەمنی بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە دیاردەی تاوانی ڕێکخراو و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بەگشتی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کۆمەڵگەکان کرا، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی گشتگیرکردنی هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ئەم دیاردانە و پاککردنەوەی کۆمەڵگە لە دەرئەنجامەکانیان و چالاککردنی میکانیزمەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوڵاتیان بۆ کاراکردنی زانیارییەکان.
لەلای خۆیانەوە، بەرپرسە ئەمنیەکان ڕوونکردنەوەیەکیان دەربارەی چالاکییەکانی دەزگا ئەمنیەکان و پلانەکانیان دەربارەی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوانی ڕێکخراو لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی پێشکەش کرد و ستایشی ڕێنماییە بەنرخەکانی بەڕێزیان کرد کە یارمەتیدەر دەبێت لە پەرەپێدانی ئەنجامدانی ئاسایش و پاراستن و سەلامەتی هاوڵاتیاندا.
تێبينيێك بنێرە: