سەرۆك کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق دەکات
(0) /
ڕوانگە ـ سەرۆك کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق دەکات سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە تۆماس سایلەر سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق. لە میانی دیدارەکەدا، کە دووشەممە 1-4-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە عێراق سورە لەسەر درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی یاسا و بناغەکانی دادپەروەری و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت بەرنامەی بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و چالاککردنی کەرتی ئابوری و هاندانی دەرفەتی وەبەرهێنان داڕشتوە. هەروەها بەڕێزیان ئاماژەی بە بایەخی رۆڵی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان کرد لە گواستنەوەی وێنەی راستەقینەی پێشکەوتنە پۆزەتیڤەکانی عێراق بۆ وڵات و گەلەکانیان بەتایبەت لە بواری ئاسایش و سەقامگیری، کە شارەکانی عێراق بەخۆیانەوەدەبینن، سەرەڕای باشتربونی رەوشی ژیانی هاووڵاتیان. هەروەك رونیکردەوە، عێراق چەندین پێکهاتە و مەزهەب لەخۆدەگرێت و بە پەرۆشەوە کاردەکات بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیانی هاوبەش بەشێوەیەکی ئاشتیانە. سەرۆك کۆمار باسی لەوەکرد، کە سەرۆکایەتی کۆمار کاریکرد بۆ ئازادکردنی نزیکەی (9) هەزار راگیراو، کە ماوەی سزاکانیان تەواوکردبو یاخود بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیرکرابون، ئەم هەنگاوەشی لەڕێی لیژنەیەکەوە ناوە، کە لە سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی دەسەڵاتی باڵای دادوەری و وەزارەتەکانی داد و ناوخۆ و راوێژکاری ئاسایشی ناوخۆ پێکهاتبوو. سەرۆك کۆمار هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دوپاتکردەوە لەبارەی دۆزی فەڵەستین و مافی فەڵەستینییەکان لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، کە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت، هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پێویستی راگرتنی دەستدرێژییەکان بۆسەر غەززە و خەڵکی بێ دیفاع، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە رێگەبدرێت بە گەیاندنی یارمەتیی پزیشکی و خۆراک بە کەرتی غەززە. لای خۆیەوە بەڕێز تۆماس سایلەر خۆشحاڵی خۆی بە دیداری سەرۆك کۆمار دەربڕی و جەختیکردەوە لە گرنگی رۆڵی یەکێتیی ئەوروپا لە فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی، ئاماژەی بەوەشدا، کە عێراق هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگە بۆ یهكێتیی ئهوروپا.
تێبينيێك بنێرە: