کێشەی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی موچە بەیەکجاری چارەسەر کرا
(0) /
ڕوانگه ـ بەمەبەستی چارەسەرسەرکردنی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی زۆر لە نێوان هەولێر و بەغدادا،ئەنجامدراون و ئەندامێکی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕایدەگەیەنێت، گرفتی مووچە بە یەکجاری کۆتای هاتووە و چاوەڕێ دەکرێت ئیدی لە داهاتوودا موچەخۆران لە ڕێگەی بانکەکانەوە موچەکانیان وەربگرن.
سروە محەمەد ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند: ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغداد بەرەو لێک تێگەیشتن دەچێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەکی یەکجارەکی. لەسەر پرسی موچەی هێزەکانی ناخۆیش، ئیمە وەک فراکسیۆنی یەکێتی سەردانی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزرانی عێراقمان کرد و پێمان ڕاگەیاند: ناکرێت هێزەکانی ناوخۆ موچەکانیان پێنەدرێت و جیابکرێنەوە لە فەرمانبەرانی مەدەنی، بۆیە سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەو کۆدانەی کەوا لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردرابون و موچەی هێزەکانی ناخۆ لەسەرئەو کۆدانە بدرێت، هەر ئەوەش بو کە دوێنێ بینیمان ٣٥٠ ملیار دینار بۆ موچەی هێزەکانی ناوخۆ ڕەوانەی هەرێم کرا.
وتیشی: ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین سەرجەم هەوڵەکان گەیشتوون بەوەی کەوا بەم نزیکانە موچەی مانگی سێ یش بگاتە هەرێم و ئەگەر ڕێکارەکان بەزوی تەواوببن ئەوا پێش جەژن موچەکە دەگات و ئەگەر ڕێکارەکانیش تەواو نەبن ئەوا دەکەوێتە دوای جەژن، کە ئەوەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم و ئەوەندەی ئێمەش لە نزیکەوە ئاگاداربین کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەیەکجاری چارەسەرکراوە و تەنها ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە هەرێم و بەغداد چۆن کاردەکەن بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی بە بانکی کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەواودەکەن.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە لەسەر ئەوەی تاوەکو ڕێکارەکانی بە بانکی کردنی موچەی فەرمانبەران تەواودەبێت ئەوابەشێوەی نەقدی موچە ڕەوانەی هەرێم بکرێت، دیارە ئەوەش دەرئەنجامی ئەو هەوڵانەی نێوان نوێنەرانی هەولێر و بەغدایە کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە کاری بۆدەکرێت،
دەربارەی نیگەرانیەکانی موچەخۆران لەسەرپرسی وەرگرتنی موچە لە ڕێگەی "هەژماری من" ەوە، سروە محەمەد ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕونیشی کردەوە: بەگوێرەی لێدوانەکانی حکومەتی هەرێم "هەژماری من" بانکێکە و لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدایە و ئەوەندەی ئێمەش ئاگاداربین، هەژماری من لەگەڵ پێنج بانکی دیکەدا هەماهەنگی کردووە و بۆ ئەوەی موچەی ئەو ٢٥٠ هەزار موچەخۆرەی کە ناویان تۆمارکراوە لەڕێگەی هەژماری منەوە موچەیان پێدرێت، بۆ موچەی سەرجەم موچەخۆرانیش چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵین،
سروە محەمەدڕەشید، وتیشی: ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین ئەگەر هاتوو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بچێتە سەر حکومەتی عێراق، ئەوا فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، سەرجەم ئەو دەستکەوتانەی کەوا بەفەرمانبەرانی عێراق دەدرێت فەرمانبەرانی هەرێمیش دەگرێتەوە، کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتی تێگەیشتنی نێوان هەردو حکومەت و؟پەیوەندی بە "هەژماری من" ەوە نییە.
سروە محمەد ڕەشید، ڕونیشی کردەوە: دەبێت گفتوگۆ و دانیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغداد درێژەی هەبێت بۆ ئەوەی لەسەر کۆی پرسەکانی نێوان هەردولا بکەنەڕێکەوتن،چونکە تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ هەولێر و بەغداد وەک دو دراوسێ مامەڵەیان دەکرد و هیچ پەیوەندییەکی دارای و ئیداری لە نێوانیاندا نەبو بۆیە ئێستا بۆ کۆتای هاتن بەو کێشانە و یەکلایکردنەوەی کۆی پرسەکانی نێوانیان پێویست دەکات هەرێم و بەغداد بە بەردەوامی گفتوگۆبکەن.
تێبينيێك بنێرە: