نهێنییەک لە سەر خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان

(0) / / ڕاپۆرت / عێراق پەرلەمانی کوردستان عەبدولقادر عەبدولڕەحمان


Apr 04, 2024

قەبارەی فۆنت:
پێنج ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە دوای ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ سوێندی یاساییان خواردووە و بەپێی یاسا و بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق مافی ئەندامێتی پەرلەمانیان نییە، وێڕای ئەوەی چەند مانگێک بەنایاسایی مووچەیان وەرگرتووە، لەسەر داوای خۆیان و وەزیری دارایی و ئابووریی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری خانەنشینکردنیان دراوە.
بەگوێرەی شانزەمین ڕاپۆرتی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان کە ڕۆژی ٤ی نیسانی ٢٠٢٤ بڵاوکرایەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێنج ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە لە دوای ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ سوێندی یاساییان خواردووە و بەپێی یاسا و بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق مافی ئەندامێتییان نەبووە، چەند مانگێک مووچەی پەرلەمانتارییان وەرگرتووە و دواتریش لەسەر داوای خۆیان و وەزیری دارایی و ئابووری لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیار لەسەر خانەنشینکردنیان دراوە.
ئەو پەرلەمانتارانە پێکدێن لە سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان و دلێر عەبدولخالق ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان، عەبدوڵا حەسەن حەمەد و لەیلا عەلی عەبدولعەزیز ئەندامانی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی و بێروان فەقێ ئیسماعیل پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستاندا، کە بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی پەی، بەدرێژایی ماوەی مانەوەیان لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا، بە هەر پێنج ئەندامیان تەنیا هەشت خوولەک و ٤٥ چرکە قسەیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە هەڵوەستە لەسەر ئەو مووچانە کراوە، کە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بەنایاسایی و دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەریانگرتووە و بەسەریەکەوە دەکاتە چوار ملیار و ٢٥٦ ملیۆن دینار و پێویستە بۆ گەنجینەی گشتی بگێڕنەوە.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لە دوای تەواو بوونی تەمەنی پەرلەمان لە (6/11/2022 تا 30/5/2023) دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران (6) موچەیەیان بە نایاسایی وەرگرتووە و دەبووایە بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی. هەروەها، لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران (2) موچەی تریان بە نایاسایی وەرگرت كە نەدەبوایە وەریبگرن.
ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت كە ساڵ و نیوێكە بەپێی یاسا خولی پێنجەمی پەرلەمان كۆتایی هاتووە، كەچی زۆرینەی ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان شوقە و خانووەكانی پەرلەمان بەكاردەهێنن و چۆلیان نەكردووە كە ئەمەش بەكارهێنانی مولكی گشتییە لە دەرەوەی یاسادا و زیاتر لەوەیش وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە نزیكەی ساڵ و نیوێكە بەپێی یاسا لە ئەركەكانیاندا نەماون، كەچی تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بەنایاسایی خانووەكانی پەرلەمان بەكاردەهێنن (كە هەریەكەیان لە دوو خانوودا نیشتەجێن)، ئۆتۆمبێلەكانی پەرلەمان بەكاردەهێنن، پاسەوانەكانی پەرلەمان هێشتا لەلایانن، هەریەك لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی بەشێك لە فەرمانبەرانی ستافی نوسینگەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە بارەگا حزبیەكانی خۆیان بەكاردەهێنن.