سەرۆك کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان بارزانی


Apr 07, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگه ـ سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

لەدیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 7-4-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەکان و بەتایبەتی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاووتوێکران و سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە بایەخی گەیشتن بەو چارەسەرە گونجاوە کرد، کە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتوەتەئاراوە.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی سودوەرگرتن لەو دەستکەوتە گرنگەی بەدەستهاتوە بۆ بەردەوامبوونی دیالۆگی کاریگەر لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە بەگوێرەی دەستور و یاسا، هەروەها گرنگی پابەندبون بە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی حکومەتی لەسەر پێکهێنراوە دوپاتکردەوە بەمەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی گونجاو، کە مافی هەموو هاووڵاتیان مسۆگەربکات بە هاووڵاتیانی هەرێمیشەوە و لە هەر لێکەوتێکی دیکە دوریانبخاتەوە، کە بارگرانیەکانیان زیاتربکات. هاوکات ستایشی خۆڕاگری و دانایی هاووڵاتیانی کوردی کرد، کە دانیان بەخۆیاندا گرت لەو بارودۆخە سەخت و ئاڵۆزەی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیانیان هەبو.
سەرۆك کۆمار جەختیشیکردەوە لە گرنگی تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ مسۆگەرکردنی پاکی و شەفافییەتی پرۆسەکە لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیانی کوردستان و پیادەکردنی مافی دیموکراسییان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان. هەروەك سەرۆك کۆمار ستایشی رۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کرد لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم.
بەڕێز سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە بایەخی بەردەوامبوونی دیالۆگی کاریگەر لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد وەک تاکە رێگایەك، کە دەبێتەهۆی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو هاووڵاتیان.
لەبەرامبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و لێکتێگەیشتنە بەردەوامەکان دەبنەهۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە بەرەوپێشەوە دەبەن.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، رۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆك کۆماری بەرزنرخاند لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسی موچە و کۆششە بەردەوامەکانی بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونی هێزە سیاسییەکان. جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکانیش کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدراڵی لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.