کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا، هیچ ڕۆڵێکی بەرچاویان لە سیاسەتی دەرەوەدا نییە
(0) /
ڕوانگە ـ شیکەرەوەی سیاسی بۆ حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، ڕایدەگەیەنێت: لە ئێستادا باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا،وەک دەڵاڵ بۆ بەدەستهێنانی سوودی دارایی بۆ ئەو کەسانەی کە کاریان پێبەخشیون لە وڵاتاندا کاردەکەن و کەچی لە ژێر ئاڵای دیموکراسیەکاندا کارەکانیان بەڕێوەدەبەن.
دکتۆر زەردەشت بابان، شیکەرەوەی سیاسی بۆ حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا ڕایگەیاند:باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا درێژکراوەی ئەو ئیدارانەن کە ستافەکانیان دامەزراندووە. لە ساڵانی ١٩٥٠-١٩٩٠دا ئەو ئۆفیس و باڵیۆزخانانە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە لەبەرئەوەی هەر سەرۆکێکی دواتر باڵیۆزایەتی بۆ گەورەترین پارەبەخش بۆ پارتەکەی تەرخان دەکات، کە ئەوەش وایکردووە کاری باڵیۆزایەتی فرۆشتن بووە بە بەرزترین نرخ نەک بۆ دیپلۆماتکارانی پیشەیی.
وتیشی: باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا نوێنەرایەتی ئەو ئیدارەیە دەکەن کە کارمەندیان پێدەدەن. ئەوان بەزۆری پێکدێن لە بەخشەرە گەورەکانی ئەو حزبەی کە لە کۆشکی سپییە، هەربۆیە کاری باڵیۆزایەتی بەزۆری پاداشتێکە بۆ هاوڕێکانی دەوروبەری سەرۆک . بەزۆری بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خۆیان پێشدەخەن.
دکتۆر زەردەشت بابان، شیکەرەوەی سیاسی بۆ حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا ڕونیشی کردەوە:ئەوان لەوێ نین بۆ ئەوەی شتەکان باشتر بکەن بۆ خەڵک , ئەوان لەوێدان وەک دەڵاڵ بۆ بەدەستهێنانی سوودی دارایی بۆ ئەو کەسانەی کە کاریان پێبەخشیون، هەربۆیە باڵیۆز و بەناو دیپلۆماتکارەکان لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکاندا دەڵاڵن، لە ژێر ئاڵای دیموکراسیەکاندا کارەکانیان بەڕێوەدەبەن بۆ یارمەتیدانی سیاسەتمەدارە ناوخۆییە گەندەڵەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ گواستنەوەیان، ئەوان دەسەڵاتی سیاسییان نییە و توانای ئەوەیان نییە هیچ ڕۆڵێکی بەرچاویان لە سیاسەتی دەرەوەدا هەبێت، تەنها دەڵاڵن لە نێوان سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەی کە تێیدان و ئەو ئیدارەیەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن
لە بارەی یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ کوردەکان، ئاشکرای کرد: ئیدارەی بایدن بەڕوونی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و حکومەتی هەرێم ڕاگەیاندووە کە ئیدارەکەی پشتگیری لە یەکێتی کۆی گشتی عێراق دەکات لەسەر حیسابی کورد و سونەکان و هەروەها بایدن بە نیازە لە گەڵ هێزێکی ئیقلیمی ناوچەکەدا ڕێککەوتنێک بکات کە لە بەرامبەردا زیان بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێم دەگەیەنێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٤.، هەروەها کوردانی ڕۆژئاوای ئاگادارکردۆتەوە کە دانوستان لەگەڵ ئەسەد بکەن چونکە ئیدارەکەی بەنیازە لە باکووری سوریا بکشێتەوەواتا بە زمانێکی سادە ئیدارەی بایدن دۆستی کوردەکان نییە بە گشتی بە تایبەتی باشوور و ڕۆژئاوا، ئیدارەکەی وەک ئامرازی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات بۆ بەدەستهێنانی سوودی سیاسی لەسەر حیسابی ئاسایش و خۆشگوزەرانی ئابوورییان، بۆیە دەبێ بڵێم کوردیش تاوانبارە چونکە زۆر هەرزان خۆی پێشکەشی ئەمەریکا وئیدارەکەی بایدن کردووە.
دکتۆر زەردەشت بابان، شیکەرەوەی سیاسی بۆ حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا، ئەوەشی ئاشراکرد: کە تێڕوانینێکی هەڵە و تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە دەربارەی ئەوەی کە پێمانوایە ئەمریکا بەرگری لە ئازادی قسەکردن و ڕۆژنامەگەری دەکات. بەڵکو حکومەتی ئەمریکا زیاتر لە وڵاتانی دیکە مامەڵەی خراپی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و ئازادی قسەکردن کردووە، بۆ نموونە هەموو ڕۆژنامەنووسێکی کۆماری یان سەربەخۆ ڕۆژانە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە سانسۆر دەکرێت. ئیدارەی بایدن لە دۆخێکدا نییە کە بانگەشەی ئازادی ڕۆژنامەگەری بکات، ئیدارەکەی گەورەترین پێشێلکاری ئازادی ڕۆژنامەگەرییە.
تێبينيێك بنێرە: