شەڕەکەی شەوک کۆنترۆڵ کراوە و 13 تۆمەتبار دەستگیرکراون
(0) /
ڕوانگه ـ بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، ڕایگەیاند، شەڕەکەی گوندی شەوک کۆنترۆڵ کراوە و 13 تۆمەتباری شەڕەکە دەستگیرکران، لەگەڵیشیاندا دەستبەسەر کۆمەڵێک چەکدا گیرا.
شەوی ڕابردوو لە گوندی شەوک لە نزیک کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر لە سنووری پارێزگای هەولێر شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕووی دا و ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە.
بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: هێزەکانی ئاسایش بە هاوکاری هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە شەوی ڕابردووەوە 13 تۆمەتباری تەقەکردن و پشێوی دروستکردنیان لە گوندی شەوک دەستگیرکردووە، هەروەها دەستیان بەسەر کۆمەڵێک پارچە چەکی سووک و قورسدا گرتووە و چەند شوێنێکی تەقەکردنیان تێکداوە.
بارزان قەساب دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان کە ئێستا هێزەکانیان لەناو گوندی شەوک جێگیرکراون و سەرجەم تۆمەتبارانی ڕووداوەکە دەدرێن بە دادگە و لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بەڵێن دەدات کە ڕێگە نادەن جارێکی دیکە ڕووداوی لەمشێوەیە لە ناوچەکە دووبارە ببێتەوە.
تێبينيێك بنێرە: