مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تاوانی ئەنفالەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە
(0) /
ڕوانگە ـ ئەمڕۆ یادی تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژ نەبووی
جەستەی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە 36 ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجامدا.
ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە و دەبێ هەمیشە ئەو تاوانانە و قوربانییەکانمان لە یاد بێت و نەوەکانمان بزانن کە خەڵکی کوردستان ، چ قوربانییەکی مەزنیان لە پێناو مافە نەتەوەییە ڕەواکانی داوە.
حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا خزمەتکردنی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، لە هەمانکاتدا دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەرک وبەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە ، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە.
ئەوەی مایەی داخە تا ئێستاش ، کەس و لایەن هەن دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیانە و بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی لە پشتی ئەنجامدانی ئەنفالەوە بوو، نکۆڵی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن کە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانێکی بێ وێنەی خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون.
لە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادەوەریماندا زیندوون.
تێبينيێك بنێرە: