فیلمی بەڵگەنامەیی "980" بڵاو دەبێتەوە

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگه فیلم ئەنفال بەڵگەفیلم نەبەرد فوئاد 980


Apr 15, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە ـ فیلمی بەڵگەنامەیی "980" بڵاو دەبێتەوە .

زۆرن ئەو کەسانەی کە بۆ یادی تاوانی ئەنفال شیعر و چیرۆک و ڕۆمان دەنوسن، بەڵام دەتوانین بڵێین کەمن ئەوکەسانەی کە بتوانن لە ئازاری تاوانی ئەنفال شاکارێک بخوڵقێنن، نەبەر فوئاد، نوسەر و سینەماکار، یەکێکە لەو کەسانەی کە کەم دەنوسێت و کاری کەم دەکات، بەڵام هەرکات کارێک دەکات شاکارێک دەخوڵقێنێ.  فیلمی بەڵگەنامەیی "980" یەکێکی دیکەیە لە شاکارەکانی نەبەرد فوئاد، ئەم فیلمە ساڵی پار لە ٢٠٢٣/٥/١٦ بەرهەم هاتووە و سەرەتای فیلمەکە لە کەلارەوە دەستیپێکردوە و لە بیابانی سەماوە و نوگرە سەلمان كاری وێنەگرتنی بۆ كراوە و ژمارەیەک خەڵک و کادیری بەتوانا ئەوانەی لەپشت کامێراوە کاریان تێداکردووە خەڵکانی شارەزا و بەتوانابون و لەسەر ئاستی ئێران و بگرە لەسەر ئاستی جیهانیش کەسانی ناسراوبون.
 ناوەڕۆکی فيلمى بەڵگەنامەیی "980" باس لە ژیانی "ئارام" دەكات کە باوکی ئەنفال دەکرێت، بەڵام خۆی و دایکی ڕزگاریان دەبێت، لە ئێستادا دوو كۆمپانیای جیهانی ئەركی بڵاوكردنەوەی فیلمەكەیان گرتۆتە ئەستۆ بۆ ئەوەی لە ڤێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەكاندا ببنێرێت ئەوەی ئەم کارە لە زۆربەی ئەوکارانەی دیکە جیادەکاتەوە کە بۆ تاوانی ئەنفال کراون ئەوەیە کە تێچوی فیلمەکە لەسەر ئەستۆی نەبەرد فوئاد، نوسەر و سینەماکاری فیلمەکە خۆیەتی و ئەو بۆ تەواوکردنی کارەکەی پشتی بەهاوکاریکردنی هیچ کەس و لایەنێک نەبەستوە، چونکە بڕوای وەهایە کەئیدی کاتی ئەوە هاتووە فیلم دەبێت بە پیشەسازی بکرێت و نابێت هاوکاری بکرێت، تەنها ئەوەندە نەبێت کە لە قۆناغی یەکەمدا دەبێت کۆمپانیایەک یاخود ڕێکخراوێکی جیهانی هەبێت بۆئەوەی بتوانرێت لەڕێگەی ئەوانەوە چیرۆکەکانی ئەنفال ببرێنە دەرەوە. لای نەبەرد فوئاد، تائێستاش هاوکاریەکانی حیزب و کۆمپانیا و لایەنەکان لە ناوخۆی هەرێم لە ئاستی پێویستدا نین و پێیشی وایە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم ڕێگریکردنی کۆمپانیا و لایەنەکان بۆ پاڵپشتیکردن لەوکارانەی کە بۆ ئەنفالکراون ئەوەیە کە زۆرێک بەناوی کارکردن بۆ پرسی ئەنفال و هەڵەبجە و پرسە نەتەوایەتیەكانی دیكە،  تەنها پارەیان لێ وەرگرتون و لە دواجاردا نەیانتوانیوە کار و بەرهەمێکی جوان پێشکەش بکەن. 
هەرچەندە ساڵی پار لەکۆی دوو کورتە فیلیم، نەبەرد فوئاد بوبەخاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانی، بەڵام تاوەکو ئێستا چەندین نوسین و کورتەفیلمی دیکەی هەن کە هێشتا بڵاو نەکراونەتەوە و هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاند و هیچ کۆمپانیایەکی ناوخۆی ئامادەییان دەرنەبڕیوە بۆئەوەی کارەکانی دیکەی بڵاو بکەنەوە، ئەوەی هەیە تەنها هوکاری و پاڵپشتی بەشێک کە کۆمپانیابیانیەکانن کە ئەوانیش بەدوای کاری دانسقە و دەگمەندا دەگەڕێن و نایانەوێت پاڵپشتی هیچ کار و پرۆژەیەک بکەن کە دواجاری سودێکی گەورەی مادیی تێدانەکەن. پەراوێزخستنی سینەماکارەکان و نەبونی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بەهێز بۆ پێشوازیکردن لە سینماکارەکانی کوردستان یەکێکی دیکەیە لەو خەمە گەورانەی نەبەرد فوئادی نوسەر و سینەماکار، ئەمەجگە لەو جیاکاریانەی کە میدیای کوردی لەنێوان سینەماکارەکانی کوردستاندا دەیکات، هەروەها نەتوانراوە دەستی دەرهێنەرانی بیانی بگیرێت بۆئەوەی بێن لە کوردستاندا کار لەسەر پرسی ئەنفال بکەن و تاوەکو لەو ڕێگەیەوە کوردیش بتوانێت وەک جولەکە بتوانێت لە ڕێگەی فیلمەوە تاوانی ئەنفال بە جیهان  بناسێنێت و بە دونیا بڵێت ئێمە قەتڵ وعام کراوین. ئەنفال تاوانێکی هێندە گەورە و کەم وێنەیە ئەگەر لە هەر گۆشەنیگایەکەوە لێی بڕوانرێت دەتوانێت سەدان و بگرە هەزاران چیرۆک و شیعر و فیلم و ڕۆمانی لەبارەوە بنوسرێت و بەرهەم بهێنرێت. 

نەبەرد فوئاد ساڵی 1986 لە شاری خانەقین لە دایكبووە و لە شاری كەلار قۆناغەكانی خوێندنی تەواوكردووە. بەكالۆریسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی زانكۆی سلێمانی هەیە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زمانی رۆمان زانكۆی ئەستانبوڵ و ئێستاش چاوەڕوانی وەرگرتنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانكۆی تاران كە تێزی دكتۆراكەی لەسەر "دیالۆگسازیە لە سینەمادا. ئەو خاوەنی دوو   رۆمانە بەناوەكانی"توتی و زیخی ناوپێڵاو" رۆمانەكانی تاوەكو ئێستا بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرای لەسەر وەرگیراوە و توێژینەوەی زانستی لەسەر نوسینەكانی ئەنجامدراوە.