وتەبێژی حكومەتی عێراق: ئێستا كێشەی هەناردەکردنی نەوت، تەنیا لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە نەوت کوردستان


Apr 23, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، پرسی هەناردەکردنى نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەى تورکیاوە یەكلابووەتەوە، چونکە توركیا ئامادەیی دەربڕیووە هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگای بۆرییەوە دەست پێبکرێتەوە، دەشڵێت، ئێستا كێشەكە تەنیا لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمدایە.
 
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی سوودانی و ئەردۆغان سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری نوێی خستەڕوو.
 
باسم عەوادی ڕایگەیاند، لە میانەى کۆبوونەوەى ئەردۆغان و سوودانیدا ٢٦ لێكتێگەیشتن لە نێوان عێراق و توركیا لە چەند بوارێكدا واژۆكراون و توركیا بەپێى ڕێککەوتنەکە پابەند دەبێت لە نەهێشتنی كێشەی كەم ئاویی لە عێراقدا.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، پرسی هەناردەکردنى نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەى تورکیاوە یەكلابووەتەوە، چونکە توركیا ئامادەیی دەربڕیووە هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگای بۆرییەوە دەست پێبکرێتەوە و كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت، كە لە هەرێم كاردەكەن، پێویستە نەوت لە ڕێگای سۆمۆوە هەناردە بكەن.
 
دەشڵێت، ئێستا كێشەكە تەنیا لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمە، بە دیاریكراوی لەبارەی مافی ئەو كۆمپانیانەیە، كە نەوت بەرهەم دێنن، بەپێی بڕیارە نوێیەكان، پێویستە ئەو كۆمپانیایانە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و كۆمپانیای سۆمۆ بكەن، بۆیە لەوبارەوە گرێبەست و ڕێككەوتن و دانووستاندنی نوێ دەكرێت.
 
جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ ئەردۆغان سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، دواتر سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ سەرانی بارزانیدا كۆبووەوە، لە هەولێرەوە كۆتایی بە گەشتەكەی هێنا و گەڕایەوە ئەنقەرە.