سەرۆك کۆمار نامەیەکی دەستنوسی لە سەرۆکی ئازەربایجانەوە پێگەیشت

(0) / / عێراق / روانگه عێراق لەتیف رەشید


Apr 24, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید نامەیەکی دەستنوسی لە  بەڕێز ئیلهام عەلیێڤ سەرۆك کۆماری ئازەربایجانەوە پێگەیشت، کە بانگهێشتی بەڕێزیانی کردوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوا (COP29)، کە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو لە باکۆی پایتەخت بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24-4-2024 سەرۆك کۆمار لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە بەڕێز نەسیر مەمەدۆڤ باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق.
بەڕێز سەرۆك کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو بانگهێشتنامەیە دەربڕی، سڵاوی خۆی بە باڵیۆزدا نارد بۆ سەرۆك ئیلهام عەلیێڤ و هیوای گەشەکردن و خۆشگوزەرانی زیاتری بۆ گەلی ئازەربایجان خواست.
هەروەها سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی بەستنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە کردەوە لەکاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا هاتۆتەئاراوە و لێکەوتەکانی لەسەر ژینگە دەرکەوتون، وەك بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، بەبیابانبون و وشکەساڵی، کە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنن. هاوکات ئاماژەی بە گرنگی بەدواداچون کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنفرانسەکانی پێشو و چالاککردنیان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پابەندکردنی وڵاتان بەجێبەجێکردنی رێوشوێنە ستانداردەکان، کە گەرەنتی پاراستنی ژینگە دەکەن لە پیسبون.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی قەبارەی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابوری و وەبەرهێنان و گەشتیاری و گواستنەوەی ئاسمانی و سودوەرگرتن لە تواناکان بۆ گەیشتن بە پەرەپێدانی هەمەلایەنە، کردەوە.

لای خۆیەوە باڵیۆز مەمەدۆڤ پێزانینی زۆری خۆی بۆ سەرۆك کۆمار دەربڕی لەپای پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و میکانیزمەکانی هاوئاهەنگی نێوان عێراق و ئازەربایجان، جەختی لەسەر خواست و پەرۆشی وڵاتەکەشی کردەوە بۆ چەسپاندنی پەیوەندییەکانی هاریکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.