ئەمڕۆ، پەڕلەمانی عێراق دانیشتنێکی گرنگ ئەنجام دەدات

(0) / / عێراق / ڕوانگه پەرلەمان عێراق


Apr 27, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - وابڕیارە کاتژمێر 1 ی  پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2024/4/27  پەڕلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ژمارەیەک پرۆژەیاسا کۆببێتەوە ، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت، دانیشتنکە بۆ نەتەوەی کورد  دانیشتنێکی گرنگ دەبێت و بەتایبەت لە پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵکوماڵی هاوڵاتیان.

سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" هەرپرۆژەیاسایەک کە دێتە پەڕلەمان، سەرەتا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت و لە سێیەم جاردا دەخرێتە دەنگدانەوە.

وتیشی:" ئەمڕۆ دووان لەو پرۆژە یاسایانە دەنگدانیان لەسەردەکرێت و پرۆژە یاسای کۆتایش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت، کە یەکەمیان تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای  ڕێکخستنی بە کرێدانی زەوی کشتوکاڵی وە هەروەها دابینکردنی زەوی کشتوکاڵی بۆ ئەو کەسانەی کە دەرچوی بەشی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین،چونکە ئێستا دەرچوویەکی زۆر هەیە و دانەمەزراون و حکومەت پێشنیاردەکات بەپێی یاسا زەوییان پێ بدرێت و لەوڕێگەیەوە هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنرێت، هەروەها پرۆژە یاسایی دووەم کە وابڕیارە دەنگدانی بۆ بکرێت، تایبەتە بەو کەسانەی کە جەوازسەفەری دیبلۆماسییان هەیە بتوانن بە بێ ڤیزا لەنێوان عێراق و  کۆریای باشووردا سەفەربکەن.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لەوەش کرد:" هەر لەودانیشتنەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵکوماڵ بۆ ئەوکەسانەی کە بەپێی بڕیاری مەجلیسی قیادەی سەورە،  موڵکوماڵیان داگیرکراوە. کە ئەم پرۆژەیاسایە بۆ کورد ئێجگار گرنگە، چونکە لەسەردەمی ڕژێمی پێشوی عێراقدا کۆمەڵێک بڕیاردەرچوون و موڵکوماڵیان لە کوردەکان وەردەگرتەوە، بۆیە بەم پرۆژە یاسایە زۆرێک لەو خێزانە کوردانە دەتوانن موڵکەکانیان وەربگرنەوە

سروە محەمەد،  ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لەوەشکرد:" لە دانیشتنی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ  پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵکوماڵی هاوڵاتیان دەکرێت و بەهیواین و بەهیوان بتوانرێت لەم ڕێگەیەوە ماف بگەڕێتەوە بۆ ئەوکەسانەی کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس دا موڵکەکانیان لێ زەوتکراوە.