سەرۆك کۆمار پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکات

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان عێراق د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك کۆمار


Apr 27, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید  ئەمڕۆ شەممە 27-4-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە د.ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و د.حوسام زەکی یاریدەدەری ئەمینداری گشتی.

لە میانی دیدارەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری لەسەرئاستی گۆڕەپانی عەرەبی، پەیوەندی عێراق لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی عەرەبیی برا و میکانیزمەکانی پەرەپێدانی تاووتوێ کران.
بەڕێز سەرۆك کۆمار جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق بە رۆڵی سەرەکی خۆی، هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان بەهێزبکات لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و ئاسایش و بڕیاردانی سەربەخۆ، بەشێوەیەك کە بەرژەوەندی هاوبەش  بەدەستبهێنێت.

هەروەها پەرۆشی عێراقی دوپاتکردەوە بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچونی وڵاتانی برا و دۆست و گرتنەبەری دیالۆگی بنیاتنەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئاشتی لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی کرد بە پێویستی گەیشتن بە دیدگایەکی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانانەی ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی بەدەستیانەوە دەناڵێنن، سەرەڕای گرنگی یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم گەلان.
هاوکات سەرۆك کۆمار تیشکی خستەسەر بارودۆخی فەڵەستین و جەختیکردەوە، گەل و حکومەتی عێراق لەگەڵ گەلی فەڵەستین وەستاون بۆ گەیشتن بە سەرجەم مافە رەواکانی، کە بە شەرعییەتی نێودەوڵەتی دانیان پێدانراوە، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵەکان بخاتەگەڕ بۆئەوەی دەستبەجێ دەستدرێژییەکان رابگرن و هاوکاری مرۆیی زیاتر بکەن بۆ یارمەتیدانی خێزانە گەمارۆدراوەکانی فەڵەستین. هەروەها دوپاتیکردەوە، پێویستە کاری بە پەلە بکرێت بۆ وەستاندنی هەڵکشانی بەردەوامی بارودۆخەکە، کە بەشێوەیەکی گشتی لێکەوتەی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە هەیە.
سەرۆك کۆمار بەخێرهاتنی وەفدە عەرەبییەکانی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی کاری عەرەبی و جەختیکردەوە، کە عێراق وڵاتی هەمووانە و براکانی لە باوەش دەگرێت بەمەبەستی بەرجەستەکردنی پەیامی پتەوکردنی هاریکاری و کاری هاوبەش. هەروەها هیوایخواست کۆنفرانسەکە سەرکەوتوبێت و راسپاردەکانی خزمەت بە پرسە بنەڕەتییەکانی وڵاتانی برا بکات لە دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و باشترکردنی رەوشی کار و ژیانی کرێکاران.

لە بەرامبەردا ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بەغداد دەربڕی و ستایشی ئەو پێشکەوتنە بەردەوامەی عێراقی کرد، کە بەخۆیەوە بینیوە لە پتەوکردنی رەوشی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات، هەروەها باشتربوونی بارودۆخی ئابوری و خزمەتگوزاری.
هەروەها ستایشی رۆڵی گرنگی عێراقی کرد لە پەرەپێدان و چەسپاندنی کاری هاوبەشی عەرەبی و هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی دیدگای نێوان وڵاتان، سەرەڕای بەشدارییەکانی لە پاڵپشتیکردنی کارەکانی کۆمکاری عەرەبی و پشتیوانی لە برا فەڵەستینییەکان.
ئەبولغەیت ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمکاری عەرەبی پاڵپشتی هەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی، بەشێوەیەك کە بەرژەوەندی گەلی عێراق مسۆگەربکات.