بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم: دادگای فیدراڵی ڕاستکردنەوەیەک بۆ بڕیاری پێشووی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەردەکات

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان دادگای فیدراڵی


Apr 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دادگای فیدراڵی ڕاستکردنەوەیەک بۆ بڕیاری پێشووی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەردەکات و لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانن مووچەکانیان لە ڕێی پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە وەربگرن.

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئێكس ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی لە بەغدا لەم هەفتەیەدا ڕاستکردنەوەیەک دەردەکات بۆ پشتڕاستکرنەوەی ئەوەی، کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەمان مافیان هەیە وەک هەموو عێراقییەکان لە پرۆژەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ بەبانکیکردنی مووچە، کە ماوەیەکی زۆرە باسی دەکەین.

جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت: وەک چۆن مووچەخۆرانی حکومەتی فیدراڵی بانکی دڵخوازی خۆیان هەڵدەبژێرن لە لیستی بانکە پەسەندکراوەکان، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەمان مافیان هەیە.

دەشڵێت: ئەمە بنەمای پرۆژەکەیە: هەر بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی پێدرابێت و مەرجەکانی “هەژماری من”ی تێدابێت، دەتوانێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات، هەموو بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی “هەژماری من” مۆڵەتیان لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقییەوە پێدراوە و بە تایبەتی پەسەند کراون بۆ پرۆژەکە. دوای ئەم ڕاستکرنەوەیە، دەتوانین بە تەواوی توانامانەوە تا کۆتایی بەردەوام بین.