لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا:" لە کوردستان کرێکاران ناچاردەکرێن لەبەرامبەر پێدانی کرێی کەمدا کاربکەن

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگە کرێکار کوردستان مەعروف مەجید


May 01, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لەڕۆژی جیهانی کرێکاراندا، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ئاشکرای دەکات:" زۆرجار بەهۆی کەمی هەلی کار لە کوردستاندا ناعەدالەتی بەرامبەر بەکرێکاران دەکرێت و ناچاردەکرێن بە کرێی کەم ڕازیببن.

مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ڕایگەیاند:" بەوپێیەی کاری ڕێکخراوەیمان لەچوارچێوەی  ژینگەدایە و زیاتر هەماهەنگی و کارکردنمان زیاتر لەسەر کرێکارانی ژینگەپارێز بووە، بۆیە لەماوەی چەتد ساڵی ڕابردوودا بەپێی ئەو بەدواداچونانەی کردمان دەرکەوتووە  ژینگەپارێزان (کرێکارانی پاککەرەوە) زۆرترین زوڵم و ستەمیان لێکراوە لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە.

وتیشی:" دەزانین کەرتی تایبەت جیاوازە لە کەرتی گشتی و بەتایبەت ئەگەر کرێکارێک کارمەندبێت لایان دەبێت لەبەرامبەر ئەرکەکانی مافەکانیان بەتەواوی پێبدرێت، بەڵام بەداخەوە ناوبەناو ئەوانیش مووچەکانیان بۆ چەند مانگێک دواکەوتووە. 

مەعروف مەجید، باسی لەوەشکرد:" یەکێکی دیکە لەو ستەمانەی کە لێیان کراوە ئەوەیە، بەپێی یاسای کار لەهەرێمی کوردستان هیچ کرێکارێک نابێت موچەکەی لە 350 هەزار دینار کەمتربێت، بەڵام بەداخەوە تائێستا ژینگەپارێزان 300  هەزاریان پێدەدرێت و هەندێکجاریش لەوبڕەکەمتریشیان پێدراوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ئاشکرایکرد:" بۆئەومەبەستە هەفتەی پێشوو پەیوەندیمان بە وەزری کاروباری کۆمەڵایەتییەوەکرد و پێی ڕاگەیاندنین: ئەم گرفتە لەزۆرێک لە شارەکانی کوردستان بونی هەیە و بەڵێنی داوە چارەسەری بکات، بەڵام بەداخەوە ئەمە جۆرێکە لەستەم کە بەرامبەر بەکرێکاران دەکرێت.

مەعروف مەجید، ڕونیشیکردەوە:" بەشێکی دیکە لەو مەترسیانەی ئێمە دەیبینین لەسەر ژیانی ژینگەپارێزان و کرێکاران بەتایبەت لە کەرتی تایبەتدا ئەوەیە هەرکاتێک کارگەکە داخرا ئەوا ئەم کرێکارانە دەنێرێنەوە بۆ ماڵەوە، یاخود کارگەکە پێویستی بە بەشێک لەوکرێکارانە نەما ئەوا بەبێ پێدانی حەق و مافیان کە ماوەی چەندساڵێک کاریانکردووە ئەوانیش دەنێردرێنە ماڵەوە

مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ئاماژەی بەوەشکرد:" لە کوردستاندا ڕۆژلەدوای ڕۆژ گرفتەکانی کرێکاران زیاد دەکات و بەتایبەت هەندێکجار بەهۆی نەبونی یاخود کەمی کارەوە لە کوردستان فێڵ لە کرێکاران دەکرێت و گرێبەستی 250 هەزاردینارییان پێ واژوکردون لەکاتێکدا لیستی مووچەکانیان 350 هەزار دینارە.

ئەمڕۆ 1ی ئایار، جەژنی جیهانی کرێکارانی و لە ئێستادا سەرەڕای هەبونی  نزیکەی 6 هەزار ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و 400 ڕێکخراوی  بواری ژینگەی لەکوردستاندا، کەچی هێشتا بەشێک لە کرێکارانی کوردستان لە دۆخێکی خراپدان و نەتوانراوە مافی کرێکاران و  ژینگە پارێزەرانی کوردستان بەتەواوی پارێزراوبێت.