بەچاودێری و ئامادەبونی سەرۆك کۆمار و خانمی یەکەم سێیەمین لوتکەی تەندروستیی کوردستان لە سلێمانی دەستیپێکرد

(0) / / كوردستان / ڕوانگە عێراق کوردستان


May 02, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ بەچاودێری و ئامادەبونی سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، رۆژی پێنجشەممە 2-5-2024 لە هۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی، سێیەمین لوتکەی تەندروستیی کوردستان دەستیپێکرد.
لە کۆنفرانسەکەدا، کە پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حکومی و حزبی و سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان و مامۆستایانی زانکۆو پەیمانگاکان و پسپۆڕانی بوارە زانستییەکان ئامادەیبون، بە ساتێك وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانی شەهیدانی عیراق و کوردستان و لێدانی هەردوو سرودی نیشتمانیی عیراق و کوردستان کارەکانی دەستپێکرد.
لە وتەیەکیدا لە لوتکەکەدا، سەرۆك کۆمار دەستخۆشی لە ئامادەکارانی کۆنفرانسەکە کردو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە بەڕێوەبردنی کارەکانیان و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی لوتکەکە.
سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگیدان بە پێشخستنی تەندروستی گشتی و کارکردن لەسەر کەشوهەواو ژینگە کردەوە و داوایکرد ئەم بابەتە لە تەواوی عیراقدا گرنگی پێبدریت و ببێتەمایەی خزمەتکردن بە سەرجەم ڕۆڵەکانی وڵاتەکەمان.
لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆك کۆمار دەستخۆشی لە زانکۆی سلێمانی و هەموو ئەو لایەنانە کرد کە لێبڕاوانە کاردەکەن بەشێوەیەکی زانستی بۆ پێشکەوتنی تەندروستی گشتی و سەرجەم بوارەکان، کە خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵک دەکەن.
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید بەگرنگییەوە باسی لە رەوشی ئاسایشی عیراق و هەرێمی کوردستان کردو رایگەیاند ئەولەویەتی بەرنامەی حکومەتی عیراق بۆ ئاسایش و بەرقەرارکردنی ئارامییە، ئەمەش وادەکات کەشێکی گونجاوتر هەبێت بۆ چالاکییە جۆراوجۆرەکان لەوڵاتدا.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا وتاری بۆردی باڵای لوتکەی تەندروستیی کوردستان لەلایەن سەرۆکی لوتکەکەوە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کە بەئامادەبونی پسپۆڕانی 38 وڵات لە بوارە جیاوازەکان و 14 ڕێکخراوی گەورەی نێودەوڵەتی و 25 زانکۆی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، سێ رۆژ گفتوگۆ و چالاکی و کۆبونەوە و پانێل و وۆرك شۆپ بەڕێوەدەچن و بابەتەکانی سیستمی تەندروستی و خزمەتگوزاری تەندروستی و پێشکەوتنەکان و زیرەکی دەستکردو گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانیان، لەلایەن پسپۆڕانەوە تاووتوێ دەکرێن .
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەڕێز سەرۆك کۆمار رایسپاردوون بۆئەوەی چالاکییەکانی لوتکەکەیان فراوانتر بکەن و لە هەموو عێراقدا کۆبونەوە و لوتکە رێکبخەن لەپێناو بایەخدان بە تەندروستی گشتی هاووڵاتیان.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتەیەکی پێشکەشکردو سوپاسی بەڕێز سەرۆك کۆماری کرد بۆ بەشداریکردن و خستنەڕوی تێبینی و ئامۆژگاریەکانی بۆ سەرخستنی لوتکەکە و فراوانکردنی بەئاراستەی خزمەتی هەموو وڵات.
دواتر بەڕێز سەرۆك کۆمار پێشانگایەکی کۆمپانیا و دامەزراوە بەشدارەکانی لوتکەکەی بەسەرکردەوەو رونکردنەوەیان لەبارەی خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانیان پێشکەشکرد.
هەر لە لوتکەکەدا، لەلایەن ئۆرکێسترای زانکۆی سلێمانییەوە دوو بەرهەمی هونەری پێشکەشکران.