لە سلێمانی؛ کرێکارێک لە باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا
(0) /
ڕوانگە - لە یەکێک لە باڵەخانەکانی شاری سلێمانی، کرێکارێک لەکاتی کارکردندا کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە نزیک کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە روویدا. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی لەبارەی ئەم ڕووداوە، گوتی، کرێکارەکە تەمەنی 20 ساڵە و ناسنامەی کوردی سووریای پێبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی لقەکانی سەندیکای کرێکاران لە هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ 13 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
مردنی کرێکارەکان بەگوێرەی شارەکان بەمشێوەیە بووە؛ سلێمانی 8 کرێکار، هەولێر 4 کرێکار، دهۆک یەک کرێکار و لە هەڵەبجەش هیچ گیانلەدەستدانێکی کرێکار تۆمارنەکراوە.
سەندیکاکانی کرێکاران نەبوونی سەلامەتیی پیشەیی بە هۆکاری سەرەکی مردنی کرێکاران ناودەبەن.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 73 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێری ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ، ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شەش ساڵی رابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- ساڵی 2022: 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2021: 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2020: 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2019: 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2018: 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2017: 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2016: 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
تێبينيێك بنێرە: