دوو ملیۆن گەشتیار لە ماوەی چوار مانگدا ڕویان لە ناوچەگەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگە کوردستان گەشتیاری


May 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە -تەنها لە ماوەی چوار مانگدا دوو ملیۆن گەشتیار ڕویان لە ناوچەگەشتیارییەکانی کوردستان کردووە.

بەپێی ئامارێکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم  ساڵی پار واتا ساڵی 2023   7 ملیۆن و 279 هەزار گەشتیار  بەمەبەستی گەشتکردن ڕویان لە ناوچە گەشتیاریەکانی کوردستان کردووە و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، بۆ زیاتر ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ناوخۆی هەرێم پلانێکی هەشت ساڵمان داناوە و کە ئەوەش وادەکات لە داهاتوودا ژمارەی گەشتیاران زۆر زیاتربێت.

ئیبراهیم عەبدول مەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" بۆ ساڵی 2024 تەنها لەماوەی چوار مانگدا  2 ملیۆن گەشتیار هتونەتە کوردستان و زۆرینەی ئەو گەشتیارانەش لە ناوچەکانی ناۆەڕاست و باشووری عێراقەوە سەردانی هەرێم دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا گەشتیاری نێودەوڵەتیش هەن کە ڕێژەیان دەگاتە 25% ی کۆی گەشتیاران 

وتیشی" سەرەڕای ئەوەی کە لەم کابینەیەدا حکومەت گەشت و گوزاری خستۆتە ئەولەویەتی کارنامەکەی و گرنگی زۆری بەو کەرتەداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک ئاستەنگ هاتونەتە بەردەم بەرەوپێشچونی زیاتری ئەم کەرتە لەوانە لەڕوی ژێرخانی گەشتوگوزارییەوە پێویستیان بە پەرەپێدانی زیاتر هەیە، هەروەها لەڕوی مارتینگەوە، پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان، وەک ناوچەیەکی گەشتیاری لەسەر ئاستی جیهان، کە ئەوەش پێویستی بە بودجەیەکی ساڵانە دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە دارایەوە کە ڕووی لە هەرێم کردووە نەتوانراوە ئەو بودجەیە تەرخان بکرێت.

ئیبراهیم عەبدول مەجید، ئاماژەی بەوەشکرد:" لە ڕوی مرۆیشەوە هەرێم گرفتی ئەوەی هەیە کە ئەوکەسانەی لەکەرتی تایەت کاردەکەن پێویستە زیاتر برەو بەتواناکانیان بدرێت، بۆئەمەش پلانێکی 8 ساڵەمان هەیە و لەوچوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک تەوەری ستراتیژی هەر لە پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچە گەشتیاریەکان، بەرزکردنەوەی توانای مرۆی کارمەندانی بواری گەشتیاری ‌، هەروەها ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ و چالاکی جۆراوجۆر هەموئەوانە لە ناو پلانی هەشت ساڵەدا جێکراوەتەوە، هەرچەندە ئەو پلانە بەتەنها بەدەستەی گەشت و گوزار بەتەنها جێبەجێ ناکرێت و پێویستە تەواوی دامەزراوە و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم هاوکاربن.

ئیبراهیم عەبدول مەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەوەشی ئاشکراکرد:" لەڕێگەی ئەوپلانە هەشت ساڵەی کە هەمانە دەمانەوێت بەدرێژای ساڵ لە ناوچە گەشتیارییەکان چالاکی ئەنجام بدەین و دەمانەوێت بگەین بە گەشت و گوزارێکی بەردەوام ، نەک ئەوەی تەنها لە وەرزی هاوین و جەژنەکاندا گەشتیاران سەردانی ناوچەگەشتیارییەکان بکات، 
ئەویش بەوەی کە چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامبدەین و خۆشبەختانە ساڵی پار لەمەدا سەرکەوتووبین و ژمارەیەکی زۆر چالاکی گەشتیاری و ڤیستیڤاڵ و پێشانگا ئەنجامدرا و بەتایبەت ئەو ڤیستیڤاڵانەی کە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەناوخۆیەکان دەکرا، کە بون بەهۆی ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بۆ ناوخۆی هەرێم و کەرتی تایبەتیش بەردەوام چالاکی ئەنجام دەدەن و لەوانەش ئامادەکردنی ئاهانگ بەبەسداری هونەرمەندانی ناوداری دەرەوەی کوردستان کە ئەو چالاکیانەش بونەتەهۆی ڕاکێشانی گەشتیار بۆ ناوخۆی هەرێم،لەگەڵ ئەوەش هەماهەنگی باشکراوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا و بەتایبەت  ئاسایشی بازگەکان کە ئاسانکارییەکیزۆر بۆ گەشتیاران دەکەن و ەکەمتر لە 5 خولەک تەواوی ڕێکارەکان بۆ گەشتیاران جێ بەجێ دەکرێت کە ئەوەش کاریگەری باشی هەبووە لەسەر هاتنی گشتیاران و هەروەها لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمانەوە هەموهەوڵێکمانداوە بۆئەوەی کەشێکی گونجاو بۆ گەشتیاران دابین بکەین کە هەست بەئاسودەی بکەن.