سەرۆك کۆمار سوپاسنامەیەکی قەداسەتی پاپای ڤاتیکانی پێگەیشت

(0) / / عێراق / ڕوانگە عێراق هەرێم لەتیف ڕەشید


May 07, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگه ـ سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، سوپاسنامەیەکی لە پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان لەوەڵامی بروسکەی پیرۆزبایی بەڕێزیان بەبۆنەی یانزەیەمین ساڵڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە لەسەر تەختی پاپایەتی لە ڤاتیکان، پێگەیشت.
ئەمڕۆ سێشەممە 7-5-2024 سەرۆك کۆمار لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە بەڕێز میتا لەسکۆڤار باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی کردبوو.
لە دیدارەکەدا سەرۆك کۆمار ستایشی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و دەوڵەتی ڤاتیکان و هاریکاری و هاوئاهەنگی هاوبەش بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە وڵات و ناوچەکەدا کرد، جەختیشی لە گرنگی هەوڵەکانی قەداسەتی پاپا کردەوە لە بنیاتنانی کولتوری خۆشەویستی و برایەتی و ئاشتی لەنێوان نەتەوە و گەلاندا.
هەروەها سەرۆك کۆمار باڵیۆزی راسپارد سڵاو و هیوای تەندروستی باش بە قەداسەتی پاپای ڤاتیکان بگەیەنێت، هاوکات ستایشی هەوڵەکانی باڵیۆزی کرد، کە لە ماوەی کارکردنیدا لە وڵات پێشکەشیکردوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتووی.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ڤاتیکان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆك کۆمار دەربڕی بۆ پاڵپشتیکردنی لە ماوەی کارکردنیدا لە بەغداد، هەروەها سوپاس و پێزانینی ڤاتیکانی گەیاندە سەرۆك کۆمار لەپای گرنگیدانی بە کاروباری کریستیانەکان و پەرۆشی و بەدواداچوونی بۆ کاروبارەکانیان و کارکردن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی روبەڕویان دەبێتەوە، هەروەها رۆڵی بەڕێزیان لە بەرجەستەکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا بەرزنرخاند، جەختیشی لە پەرۆشی قەداسەتی پاپا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق کردەوە، بەشێوەیەك کە ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەموو عێراقییەکان بەرقەراربکات.