سەرۆك کۆمار: پێویستە پلانێکی گشتگیر دابنرێت بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی دۆخی پایتەخت

(0) / / عێراق / ڕوانگە عێراق کوردستان


May 09, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە د.عەممار قەیسی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا.
له میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-5-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە قەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆی ئەنجومەنەکەدایە، که خۆی له بەدواداچون بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و نوێکردنەوەی شێوازی کارکردن لەپێناو زامنکردنی هەرچی زووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم هاووڵاتیاندا دەبینێتەوە.
هەروەها سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری پلانی دروست و سودوەرگرتن لە شارەزایی نێودەوڵەتی و پیشەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دێنە بەردەم کاری ئەنجومەنەکە، هەروەك گرنگی پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئامادەکراو بە هاریکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دوپاتکردەوە، لەمڕووەوە سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد  بە پێویستی داڕشتنی پلانێکی گشتگیر بۆ پەرەپێدانی پایتەخت و باشترکردنی بارودۆخی، بەشێوەیەك کە شایستەی پێگە مێژووییەکەی بێت.
سەرۆك کۆمار رایگەیاند، بەغداد پێویستی بە کار و هەوڵی زیاتر هەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گرنگیدان بە شوێنە کەلەپورییەکان. هاوکات بەڕێزیان دوپاتیکردەوە، کە پێویستە دەست بە دیزاینکردنی باخە گشتییەکان بۆ شەهیدان بکرێت وەك رێزلێنانێك لە قوربانیدانیان.
هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لە وڵاتدا و رونیکردەوە، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و هەموو لایەنەکان گرنگی بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دەدەن، چونکە خاڵی دەستپێکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژییە. هاوکات پێویستی گەیاندنی وێنەی راستەقینەی دۆخی ئەرێنی عێراقی دوای چەندین ساڵ لە جەنگ و تیرۆر و گەمارۆکان، دوپاتکردەوە.
سەرۆك کۆمار راشیگەیاند، دەرگاکانی سەرۆکایەتی کۆمار کراوەن بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا و پێشکەشکردنی هاوکاری یاسایی و تەکنیکی لەپێناو باشترکردنی دۆخی بەغداد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەن باسیان لە پلانەکانی ئەنجومەن و ئەو ئاڵەنگاریانە کرد، کە روبەڕویان دەبێتەوە لە چوارچێوەی کار و تەرخانکردنی بودجە و بەریەککەوتنی دەسەڵاتەکانی نێوان ئەنجومەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان و پێداویستییە خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردەییەکانی بەغداد.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد دوپاتیکردەوە، کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ باشترکردنی دۆخی پایتەخت و هاووڵاتیان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری. هەروەها ئامادەبوان پیزانینیان بۆ خەمخۆریی بەڕێز سەرۆك کۆمار دەربڕی، کە بەردەوام بایەخ بە ژیان و پێداویستییەکانی سەرجەم عێراقییەکان دەدات.