دادگای فیدراڵی تاوتوێی سێ سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەکات

(0) / / عێراق / ڕوانگە دادگا فیدراڵی کوردستان


May 11, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - بڕیارە لە دانیشتنی سبەی 12ـی ئایاری 2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سێ سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکات.

بەگوێرەی تۆماری رۆژانەی دانیشتنی دادگا، سبەینێی سکاڵای ژمارە 67ـی فیدراڵی، وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە دژی هەریەکە لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆیی هەرێمى کوردستان دەبینرێت، کە تایبەتە بە پابەندکردنی هەرێمی کوردستان بە داخستنی کامپی ئاوارەکانی هەرێم و رێگرینەکردن لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

سکاڵای دووەمی ژمارە 91ـی فیدراڵی، تایبەتە بە داوای نادەستوریبوونی یاسای ژمارە 15ـی ساڵی 2008ـی پەرلەمانی کوردستانی کارپێکراو، تایبەت بە یاسای باری کەسێتی عێراقی ژمارە 188ـی ساڵی 1959، کە چەند بڕگەیەکی یاساکە لە هەرێمى کوردستان گۆڕاوە بۆ رێگریکردن لە فرەژنی، مەگەر بە مۆڵەت و رێگەپێدانی دادوەریی تایبەتمەند بێت.

سکاڵای سێیەمی ژمارە 226ـی فیدراڵی دادگاکە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە سکاڵایەک لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوریبوونی جێبەجێکردنی یاسای دژەتیرۆری ژمارە 3ـی ساڵی 2006ـی پەرلەمانی کوردستانی کارپێکراو، بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی دادگای هەولێر، تایبەت بە جێبەجێکردنی یاساکە بەوەی هەڵوەشاوە و کارپێنەکراوە.

لە ماوەی رابردوودا، دادگای باڵای فیدراڵی چەندین بڕیاری تایبەت بە هەرێمى کوردستان و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە، دوابڕیاریان وەستاندنی رێوشوێنەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆماریکردووە.