مەحموود مەشهەدانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان کاندید دەکرێت

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان مەحموود مەشهەدانی


May 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - کوتلەی سەدارەی سوننەکان لە پەرلەمانی عێراق چووە پاڵ هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و بڕیارە بەم نزیکانەش پرسی بۆشایی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی سوننەکانە بە کاندیدکردنی مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان پڕ بکرێتەوە.
کوتلەی سەدارەی سوننەکان لە پەرلەمانی عێراق چوار پەرلەمانتاری هەیە، ئەوانیش هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، تەڵاڵ زەوبەعی، حالد عوبێدی و محەممەد نووری عەبدڕەبەیە، هۆکاری چوونە پاڵ هاوپەیمانی تەقەدومیان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەکەی حەلبووسی لە پەرلەمان نوێنەرایەتی زۆرینەی ناوچە ئازادکراوەکان دەکات.

کوتلەی سەدارە ئاشكرایکردووە، دوای چەند کۆبوونەوەیەک گەیشوونەتە ڕێککەوتن و لەگەڵ تەقەدوم لە پەرلەمان هاوپەیمانییەک پێک بهێنن، بەڵام بەو مەرجەی کوتلەی سەدارە لە پەرلەمان هەر بە ناسنامە سیاسیی و پێگە یاساییەکەی بمێنێتەوە.

لە دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاشكرای کردووە، هەردوولا تەقەد و سەدارە ڕێککەوتوون لە سەر کاندیدکردنی مەحموود مەشهەدانی بۆ ڕکاربەری کردنی سالم عیساوی بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووەتە پرسێکی یاسایی و سیاسیی لە نێو پێکهاتەی عەرەبی سوننە لە عێراق.

مەحموود مەشهەدانی تەمەن 75 ساڵ لە ساڵانی 2006 تاوەکوو 2009 سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووە و ئێستاش پەرلەمانتارە. هەروەها لەوەتەی دادگای باڵای فیدراڵی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر محەمەد حەلبووسی هێناوە و لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوور خراوەتەوە تاوەکوو ئێستا پەرلەمانی عێراق چوار جار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ شوێنگرەوەی حەلبووسی کۆبووەتەوە بەڵام هەر چوار جارەکە بەهۆی ناکۆکی نێو ماڵی سوننەکان پرۆسەکان شکستیان هێناوە.