فراوانبونی سنوری ئیدارەی گەرمیان گرفتی بۆ کەمی پۆلیسی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا دروستکردووە

(0) / / كوردستان / روانگە کوردستان گەرمیان


May 16, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و نەبونی دامەزاندن، بووە بەهۆکارێک بۆ کەمی کارمەندی هاتووچۆ لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوەبەری هاتووچۆی گەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت:" چەندینجار داوایان کردووە کارمەندی نوێیان بۆ دابمەزرێنن، بەڵام تائێستا حکومەت وەڵامی داواکاریەکانیانی نەداوەتە.

عەمید، محسن منصور كرم، بەڕێوەبەری هاتووچۆی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" ئیدارەی گەرمیان بەردەوام لە فراوانبوندایە و ئەمەش وایکردووە ژمارەی کارمەندەکانمان کەم بێتەوە و نەتوانین بەگوێرەی پێویست کارمەندی هاتووچۆ لە هەموشوێنێکی شار دابنێین.

وتیشی:" لە ساڵی 2013 ەوە هیچ پۆلیسێکی هاتووچۆ دانەمەزراوە و لەگەڵ ئەوەشدا بەشی تۆماری سلێمانیمان هێناوەتە ئیدارەی گەرمیان و هەروەها بەشی مۆڵەتی ئەلیکترۆنیش کراوەتەوە کە بۆ هەربەشێکیش پێویستمان بە نزیکەی 20 کارمەند دەبێت کە کاری تێدابکەن و ئەوەش فشارێکی زۆری خستۆتە سەر بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان.

بەڕێوەبەری هاتووچۆی گەرمیان، ڕونیشیکردەوە:" ئێستاش داوامان لێکراوە  تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بگوازینەوە بۆ گەرمیان، بەڵام بەهۆی کەمی کارمەندەوە نەمانتوانیوە ئەو هەنگاوە بنێین، جونکە بەوە ناچاردەبین هەموو ئەو کارمەندانەی کە لەسەر شەقامەکانن بگوازینەوە بۆناو بەڕێوەبەرایەتیەکەو بەمەش شەقامەکان چۆڵدەبن.

عەمید، محسن منصور كرم، بەڕێوەبەری هاتووچۆی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" چەندینجار داوامان ئاراستەی سەروی خۆمان کردووە بۆ ئەوەی کارمەندی نوێمان بۆ دابمەزرێنن، بەڵام تاوەکوئێستا وەڵامی داوەکاریەکانمان نەدراوەتە.