پەرلەمانى عێراق سێ پرسی گرنگ یەکلایی دەکاتەوە؛ دوو پرس تایبەتە بە هەرێم

(0) / / كوردستان / ڕوانگە پەرلەمانی کوردستان عێراق هەڵبژاردن کوردستان


May 17, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە لەماوەى مانگێکدا پەرلەمانى عێراق سێ پرسی گرنگ یەکلایی بکاتەوە، ئەوانیش ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن و پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەیە، بۆیە پەرلەمان وەرگرتنی پشووی خۆی بۆ ماوەی مانگێک دواخستووە.
 
محەمەد سدیق خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە سایتى ڕەسمى پارتى وتووە، ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوو تەوەر کۆدەبێتەوە، یەکەمیان پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، ھیوادارین یەکلایی بکرێتەوە کە شەش مانگ زیاترە چاوەڕێ دەکرێت یەکلایی بکرێتەوە، پێشتر دانیشتنێک کرا بەڵام ھیچ کاندیدێک نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بێنێت، لە دانیشتنی دووەم گرفتێک لە نێوان سوننەکان دروست بوو بۆیە کۆبوونەوە دواخرا و تا ئێستا بەو شێوەیە گفتوگۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن.
 
خۆشناو وتیشى: حزبی تەقەدوم کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات سووربوون لەسەر ئەوەی کاندیدی ئەوان ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ئێستا ئەوان کاندیدیان نییە و لەگەڵ لایەنێکی سوننە ڕێککەوتوون (سەدارە مەحمود مەشھەدانیان) کاندید کردووە، ھەوڵدەدەن ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، بەرامبەریشیان سالم عیساویییە، ھیوادارین ئەو ھەڵبژاردنە بکرێت و سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێرن، چونکە زۆر بڕیاری گرنگ لەسەر سەرۆکی پەرلەمان وەستاون.
 
لەبارەى درێژکردنەوەى تەمەنى کۆمسیۆنەوە وتى: کۆمسیۆن مانگی حەوت کارەکانیان تەواو دەبێت و کاتیان بۆ درێژنەکرێتەوە ناتوانن ھەڵبژادرنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن، بۆیە بڕیارە شەش مانگیان بۆ درێژبکرێتەوە، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، ئەمجارە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و گفتوگۆی تێدا دەکرێت، ھیوادارین ماوەکەی درێژبکرێتەوە و ھەردوو پرس یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەو دووپرسە بەجیا دانیشتنی بۆ ئەنجامبدرێت، بۆیە گەر جیابکرێتەوە دانیشتن بۆ ھەردوو پرس بەجیا دەکرێت، بۆیە لەبەرژوەندی ھەموو لایەکدایە ماوەی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەببەن.
 
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد: پشووی پەرلەمان پێویست بوو لە ٩/٥دەست پێبکات، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بەوەکالەت پشووەکەی بۆ ماوەی مانگێک دواخست، بۆ ئەوەی چاوەڕێی حکوومەت بکەین تا خشتەکانی بودجە بۆ پەرلەمان ڕەوانە بکات و پەسەند بکرێت،  چونکە سەرۆکی پەرلەمان بەوەکالەت باسی لەوە کرد حکوومەت کاری لەسەر دەکات و چاوەڕێ دەکەین بگاتە پەرلەمان، بۆیە ئەگەر بێتە پەرلەمان ئەوکات پەرلەمان ناتوانی پشوو وەربگرێت تاوەکو پەسەندی دەکات.