ئەمریکا: لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

(0) / / كوردستان / ڕوانگە نەوت هەرێم کوردستان ئەمریکا


May 17, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
 
ڤێدانت پاتێڵ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە رایگەیاند، بەردەوام لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و تورکیا و هەرێم.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، پەرەپێدانی چەند رێگەیەک بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی جیهان، لە سوودی عێراق و ئەمریکاشە.
 
لە ٢٥ـی ئازاری ساڵی رابردووەوە، بە بڕیاری ژووری ناوبژیوانی دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، تا ئێستاش هەوڵەکانی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامە.
 
گرفتی سەرەکی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمە، بەوپێیەی لە بەرامبەر دەرهێنان و هەناردەکردنی هەر بەرمیلێک نەوت، داوای بڕە پارەیەک دەکەن کە زۆر زیاترە لەو بڕەی عێراق لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ دەرهێنان و هەناردەکردنی هەر بەرمیلێک نەوت دەیداتە کۆمپانیاکان.