وەزارەتی دارایی هەرێم یەكەم لیستی ناو و زانیاریی فەرمانبەرانی بۆ بانكی TBI نارد

(0) / / كوردستان / ڕوانگە هەولێر دارایی مووچە TBI


May 18, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم لیستی ناو و زانیاری فەرمانبەرانی رەوانەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی (TBI) كرد، تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە؛ لیستەکە لە 368 فەرمانبەر پێکهاتوە.
 
بەپێی میدیای پارتی رۆژی 16-05-2024 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمیی کوردستان نوسراوی فەرمی بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی (TBI) کردوە، تێیدا بۆ یەکەم جار لیستێکی 368 فەرمانبەریی کەرتی گشتیی رەوانەی ئەو بانكە کردوە. ئەو فەرمانبەرانە ئەو بانکەیان دیاریکردوە، کە هەژماری بانکیی تێدا بکەنەوە.
 
 لە نوسراوەکەدا ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوە داوە، لە سۆنگەی سوربونیان لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکانی نێوان تیمی "هەژماری من" و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی، لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە فۆڵدەرێکی پارێزراویان لەگەڵدا هاوبەش دەکەن کە یەکەم: هەمو زانیارییەکی پێویستی تێدایە لەبارەی بەشداربوان (KYC)؛ دوەم: هەمو بەڵگەنامەیەکی پێویستی تێدایە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکیی بەگوێرەی پێویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.
 
 هەر لە نوسراوەکەدا هاتوە، بەشێوەیەکی خولی و لەکاتی ئامادەبونی لیستی ناوەکان لەڕێگەی نامەی ئەلیکترۆنی و نوسراوی فەرمییەوە، لیستی دیکەی ناوی سودمەندبونیان بۆ رەوانە دەکەن.
 
لە نوسراوەکەدا وردەکاریی ناوی ئەو 368 کەسە هاوپێچ کراوە. ئاوات شێخ جەناب داوای لە TBI كردوە بەزوترین کات وەڵامیان بدەنەوە و ئەم زانیارییانەیان سەبارەت بە یەکەم لیستی کردنەوەی هەژماری بانکی پێبدەن:
 
 - خشتەی کات بۆ دروستکردنی هەژمارەکانیان.
 
- رێککەوتی دروستکردنی هەژمارەکە بە کرداریی.
 
- ژمارەی هەژمار(IBAN)ی هەر سودمەندبوێک.
 
- ناوی ئەو لقەی کە هەژماری تێدا دەکرێتەوە، یاخود بۆی تەرخانکراوە.
 
- وادەی رادەستکردنی کارتەکە بە سەنتەری جیاکردنەوەی سەر بە پرۆژەی هەژماری من.
 
ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی 13-05-2024 بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی (TBI) لە رونکردنەوەیەکدا لەبارەی بە بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕێی ناردنی لیستی ناوی ئەو موچەخۆرانەیە کە موچەکانیان لەلای ئەوان بە بانكی دەکرێن بە هاوپێچیی بەڵگەنامەکان، بۆ ئەوەی دەست بە بانكیكردنی موچە بکرێت.