دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی دواخرا

(0) / ڕوانگە مەسرور بارزانی کوردستان


May 19, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە دواخرا.
 
سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دژی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، کورسیی پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان، تۆمارکراوە. داوا دەکات دادگەکە ئەو دابەشکارییەی کۆمیسیۆن کردوویەتی بە "نادەستووری" بزانێت و رێکارەکانی کۆمیسیۆن تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگیرێن.
 
مەسرور بارزانی، کە رۆژی 6ی ئایاری 2024، سکاڵاکەی تۆمار کردووە، داوایکرد دادگەکە مادە دووی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسەندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024 بە نادەستووری بزانێت.
 
لە مادەی دووی ئەو سیستمە هاتووە:
 
یەکەم: هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە."
 
دووەم: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەسەر ئەم بازنانە دابەش دەبێت:
 
1- پارێزگای هەولێر: 34 کورسی
2- پارێزگای سلێمانی: 38 کورسی
3- پارێزگای دهۆک: 25 کورسی
4- پارێزگای هەڵەبجە: 3 کورسی
 
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا دەڵێت لەو سیستمەدا "پێشێلکاریی دەستووری" هەیە، جگە لەوەی بۆ دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان پشت بە ژمارەی دەنگدەران نەوەک ژمارەی دانیشتووان بەستراوە، ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە نەهێشتنی کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەکان دژی چەندین بڕگەی دەستوورییە.
 
رۆژی سێشەممە، 7ـی ئایاری 2024 کۆمیسیۆن سەرجەم رێکارە هونەری و داراییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگرت، دوای ئەوەی دادگەی فیدراڵی 7ی ئایاری 2024، داوای راگرتنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی مادەی 2ـی سیستەمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024ی دا.
 
دوای ئەو سکاڵایە رۆژی دووشەممە، 13ـی ئایاری 2024، سێ سکاڵای دیکە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی و لایەنی کریستیان و پارێزەرێکەوە لە دژی نەهێشتنی کورسیی پێکهاتەکان و کریستیان تۆمارکران.
 
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.