دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکەی مەسرور بارزانی رەتکردەوە /  پێنج  کورسی بۆ پێکھاتەکان دیاری کرد

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان دادگای فیدراڵی


May 21, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رەتکردەوە و بڕیاریدا پێنج کورسی بۆ پێکھاتەکان دیاری بکرێت.
 
ماڵپەڕی ڕۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی عێراق بڵاوی کردەوە کە دادگای باڵای فیدراڵیی، ئەو سکاڵایەی رەتکردووەتەوە کە پێشتر مەسرور بارزانی لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، تۆماری کردبوو.
 
ڕاشیگەیاندووە کە دادگای باڵای فیدراڵیی ھەروەھا فەرمانە کاتییەکەی لەبارەی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەیەکی تایبەت بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ھەڵوەشاندووەتەوە.
 
باسی لەوەش کردووە کە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریشداوە، پێنج کورسی بۆ پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دیاری بکرێت.
 
ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی سکاڵایەکی لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، تۆمار کرد و تیایدا داوای لە دادگاکە کردبوو کە تیایدا داوای لە دادگاکە کردبوو، بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ڕاگرتنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تا ئەو کاتەی سکاڵاکەی یەکلایی دەکرێتەوە.
 
سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان تایبەتبوو بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ھەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسییەکەی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان.
 
ڕۆژی ٢١ی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، ١١ کورسی کۆتاکانی بە نادەستووریی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند کە پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە ١٠٠ ئەندام پێکدێت.
 
ئەمەش دوای ئەوە دێت پێشتر دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردن سەربە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ کۆتای پێکھاتەکان گەڕاندەوە و کۆمیسیۆنیش پابەند کرد کە بڕیارەکە جێبەجێ بکات.
 
ھەروەھا دەستەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پابەند کرد کە پێنج کورسییەکە بەسەر بازنەکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بکات بەشێوەیەک دوو کورسی بۆ پێکھاتەکان لە بازنەی ھەولێر، دوو کورسی بۆ پێکھاتەکان لە سلێمانی و یەک کورسی بۆ پێکھاتەکان لە بازنەی دھۆک.