موقتەدا سەدر بەبۆنەی هاتنی جەژنی غەدیر داوایەک ئاراستی هاوڵاتیانی عێراق دەکات
(0) /
ڕوانگە - لە ڕاگەێندراوێکدا، ڕێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوادەکات هاوڵاتیان لە پشوی جەژنی غەدیر، سەردانی مەزاری ئیمامی عەلی بکەن و هەروها فەرمانیکرد لەوێ پێشبڕكێیەک بۆ شیعر و خۆشنووسی سازبدرێت.
لە جەژنی غەدیر، کە مانگی داهاتوو بۆ یەکەمجارە دەکرێتە پشوو لە عێراقدا، موقتەدا سەدر،ڕێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە،ڕاگەێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوایکرد:سەردانی مەزاری ئیمامی عەلی بکەن.
سەدر بە ئایەتی 3ی سورەتی مائیدەی قورئانی پیرۆز دەستی بە راگەیێندراوەکەی کردووە و دەڵێت، "لە رۆژی دەسەڵات (ویلایە) سێ داوا لە خەڵکی دەسەڵات (ویلایە) دەکات.
سەدر، داوادەکات لە سەردانیکردنی ئیمامی عەلی کە بە شوێنگرەوەی پەیامبەری ئیسلام محەممەد "د. خ" ناوی دەبات و مەزارەکەی، کەمتەرخەمی نەکەن بۆ خۆشی دەربڕین بەو رۆژە مەزنە، بۆئەوەی سەردانەکە وەکو پشتگیرییەک بێت و بەیعەتدان بێت پێی.
هەروەها داوا لە شاعیران دەکات شیعر ئامادە بکەن بۆ زیندووکردنەوەی جەژنی گەورەترینی خودا، بەلانی کەمەوە 25 دێڕ زیاتر نەبێت و تێیدا دەستدرێژی نەکرێتە سەر هیچ کەس، چی کۆنەکان یان ئەوانەی ئێستا بن.
لەگەڵ ئەوانەشدا داوا لە خۆشنووسەکان دەکات پەنجەکانیان بۆ ئامادەکردنی تابلۆ هونەرییەکانیان نەرم بکەن بەبۆنەی جەژنی غەدیر بۆ گوزارشت لەو بۆنە مەزنە.
جەژنی غەدیر رۆژی 18ـی مانگی زولحیجەی ساڵی کۆچی دەکات، لە ساڵی زاینییدا ئەو بۆنەیە ئەمساڵ دەکەوێتە 24ـی مانگی حوزەیرانی داهاتوو.
موقتەدا سەدر، بە هۆکار و پشتیوانی سەرەکیی دانانی رۆژی غەدیر بە پشووی فەرمی لە عێراق هەژماردەکرێت، بە سێ رۆژ پێش ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 22ـی ئایار یاسای پشووە فەرمییەکان پەسەندبکات، داوای پەسەندکردنی ئەو رۆژەی بە پشوو کرد، هەرچەندە سونەکان پارێزبەندییان لەسەر ئەو رۆژە هەیە.
جەژنی غەدیر، بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان لەلای شیعەکان هەژمار دەکرێت، دەڵێن لە رۆژی 18ـی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ـی کۆچی، محەممەد پەیامبەری ئیسلام (د.خ) بە فەرمانی خودا عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان داناوە، ئەو گوتارەشی لە شوێنێک بڵاوکردەوە بەناوی غەدیرخەم کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مەککە و مەدینە؛ بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو تێڕوانین و شیکردنەوەیە نین. بۆیە ئەمە بووەتە بابەتێکی ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعەکان بەتایبەتی لە عێراقدا تائێستا بەردەوامە.
تێبينيێك بنێرە: