کۆشکێکی تەمەن 3500 ساڵە لە سنووری سلێمانی دۆزرایەوە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان شوێنەوارناسی


May 28, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - تیمێکی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی کە پێکهاتوون لە مامۆستایان و خوێندکاران، دۆزینەوەی کۆشکێکی مێژووییان لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3500 ساڵ.

تیمێکی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی دۆزینەوەیەکی گرنگی لە نزیک سەرچناری شاری سلێمانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، کۆشکێکمان دۆزیوەتەوە تەمەنی 3500 ساڵە و تیایدا نووسینی مێخی و دوو ناوی کوردی کۆنیش دۆزراونەتەوە کە (داسی و بانو) بوون.

دڵشاد زاموا، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی تیمی پڕۆژەی شوێنەواری دێکۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شوێنەوارێک لە نزیک رووباڕی سەرچنار و قولەرەیسی تەرخانکرابوو بۆ توێژینەوە و لەو شوێنەدا کۆشکێکی تەمەن 3500 ساڵە لەلایەن مامۆستایان و خوێندکارانەوە دۆزراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، کۆشکەکە لەلایەن گەلی لولوەوە دروستکراوە کە دێرنترین گەلی ناوچەی پارێزگای سلێمانین و 5000 ساڵ لەمەوبەر لەم ناوچەیە ژیاون و دواتر تواونەتەوە و بوونەتە باپیرانی خەڵکی ئەم ناوچەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەناو کۆشکەکەدا هۆڵی پێشوازی پادشا و گەنجینە دۆزراونەتەوە، نوسینی مێخی لەسەر تابلۆیەک بوونی هەبووە لەگەڵ ژمارەیەک مۆر کە ناوی ژمارەیەک خوداوەندی لەسەر بووە و ژمارەیەک گۆزە کە کاریگەری گەلی کاشی و گەلی میتانیان لەسەر هەبووە و تەنانەت ئاسنیش دۆزراوەتەوە کە پێدەچێت لەمامەڵەکردندا بەکارهاتبن.