قوباد تاڵەبانی: هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە نزیكترین دەرفەتدا و لە ئەمساڵدا بكرێت

(0) / / كوردستان / ڕوانگە قوباد تاڵەبانی کوردستان هەڵبژاردن


May 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ بنیامین هانا، جێگری كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆكرا.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران، جەختیكردەوە كە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە نزیكترین دەرفەتدا و لە ئەمساڵدا بكرێت. 

سەبارەت بە كورسیی كۆتاكان، قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە كە بێ جیاوازی داكۆكی لە هەموو مافی پێكهاتەكان دەكەین، وتیشی، "هیچ كاتێك دژی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان نەبووین و ناشبین، بەڵكو خواست و هەوڵی ئێمە ئەوەیە پێكهاتەكان بتوانن نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی كوردستان.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و پرسی بودجەی هەرێم كرا و جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند، حكومەتی هەرێم هەموو ئامادەییەكی نیشانداوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت و وتیشی ئێمە نابینە كێشە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكەدا.

سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكە و وتیشی، "وەفدی حكومەت ئامادەیە سەردانی بەغداد بكات و مەبەستمانە بگەینە رێككەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی یەكجاریی كێشەی بودجە و مووچە.

لە تەوەری كۆتایی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی بوونیادنانی زانكۆیەكی كوردی ــ ئەڵمانی لە شاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی پشتگیری و ئامادەیی تەواوی حكومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانییەك بۆ كردنەوەی زانكۆكە.