سەنتەری ئۆتیزمی حکومی لە کۆیە کرایەوە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان کۆمەڵایەتی ئۆتیزم


Jun 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - ئەمڕۆ سێشەم چواری حوزەیرانی 2024  کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە یاوەری ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی پشکنینی وەزارەت سەنتەری ئۆتیزمی کۆیەی کردەوە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند:" خوشحالین بە کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە کۆیە و دلنیاین ئەم سەنتەرە خزمەتێکی باش پێشکەش بە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم دەکات.

  وتیشی:" سەرەڕای پشتیوانی بەردەوامان لە توێژی خاوەن پێداویستی تایبەت، گرنگیەکی تایبەتمان بە تووشبووانی ئۆتیزم داوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە سەر ئاستی هەرێم چەندین سەنتەرمان دامەزراندوونە.

دواتر  یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، ڕایگەیاند:" کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە کۆیە ئامانجی ئێمە و داواکاری خێزانەکانی منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم بوو، بۆیە خۆشحالین بە کردنەوەی ئەم سەنتەرە.

بەڕێوەبەری گشتی خۆشحالی خۆی دەربڕی کە جگە لە کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە شاری کۆیە، توانیویانە بە هەوڵی خاتوو کوێستان  دامەزراوەکانی تریشیان وەک پەیمانگە، داینگە، سەنتەری چالاکی منداڵان لەم شارە چالاک بکەنەوە و باشتر و بەرفراوانتر بخەنە خزمەتی خەلکەوە.