شەپۆلێکی گەرمای بەهێز ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان گەرما


Jun 05, 2024

قەبارەی فۆنت:

شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" بارستە هەوایەکی گەرم ڕوو لە هەرێم دەکات کە بەرزترین پلەی گەرماش لە ئیدارەی گەرمیان تۆماردەکرێت". 

ڕوانگە - ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە" سبەینێ پێنج شەممە ئاسمانی ھەرێم بە زۆری ساماڵ دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی شەودا پەڵە ھەوری جیاجیا دروست دەبێت، لە ئەنجامی کاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆی سەرەوەی بەرگە ھەوا کە بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی سەروو ئاسایی پلەکانی گەرما لەسەر ناوچەکانی دەریای ناوەراست و کاریگەری لاوەکی ئەو بارستە ھەوایە لەسەر ناوچەکانمان پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بە ١ تا ٣ پلە بەرزدەبنەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بای باکوری ڕۆژھەڵات بە خێرای ١٥ بۆ ٢٥ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا، لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین بەردەوام دەبێت و لە شەودا کاریگەری کەم دەبێتەوە و بۆ ڕۆژی ھەینی ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ کۆتای پێدێت.

ئاراس جەبار پێشبینیش دەکات، لە ڕۆژانی داھاتوودا کاریگەری بارستە ھەوای گەرمی ڕۆژئاوا لەسەر ناوچەکان زیاتر دەبێت، لە سەرەتای ھەفتەی ئایندەشەوە بۆ ناوەڕاستی ھەفتە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای ناوەراست و ناوبەناو ئاسمانی ناوچە جیاجیاکان بۆ نیمچە ھەور دەگۆرێت، لەگەڵ چالاکبوونی ھەورە بروسکە و نمە باران لە ھەندێ کات و شوێندا.

بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بەمشێوەیەیە:

ھەولێر: ٤١ پلە

سلێمانی: ٣٩ پلە

دھۆک: ٤٠ پلە

ھەڵەبجە: ٣٩ پلە

کەرکوک: ٤٢ پلە

ئیدارەی گەرمیان: ٤٥ پلە

ئیدارەی ڕاپەرین: ٣٩ پلە

ئیدارەی سۆران: ٣٧ پلە

ئیدارەی زاخۆ: ٤٠ پلە