"هەڵبژاردن" و "پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان" تەوەری سەرەکی دیداری مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا
(0) /
ڕوانگە - مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-06-2024، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "بیروڕا لەبارەی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ کرا و سەردانی هەفتەی ڕابردووی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکان، بە هەنگاوێکی گرنگ دانرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و کارنامەی حکوومەتی فیدراڵ".
ئاماژە بەوەش کراوە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینی عێراقەوە بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا کرا و جەخت لە پێویستيی بەشداربوون و تێپەڕینی بە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونی هەموو پێکهاتە و ناوچەکانی عێراق لەم پرۆژە ستراتیژییەدا کرا.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان کە جەیمس گۆڵدمان، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پێويستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی هەموو کێشە و گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن و بەشداربوونی هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان.
تێبينيێك بنێرە: