نوێنەرانی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لە گۆڕەپانی تەحریرەوە هەژماری من ڕەتدەکەنەوە
(0) /
ڕوانگە - نوێنەرانی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لە بەغدادن و لەگۆڕەپانی تەحریرەوە هەژماری من ڕەتدەکەنەوەو داواکارییەکیش ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن.
لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی
- سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵیی، بەوپێیەی پابەند کراوە بە بەنیشتمانییکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
- داواکاری گشتیی عێراق، بەوپێیەی بەرپرسیارە لە پاراستنی سامانی نەوتی و نانەوتی عێراق لە تاڵانکاریی
- لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق،
بەڕێزان:
پاش 10 ساڵ لە ژیانی ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و سیاسیی، ئەویش لە دەرەنجامی سیاسەتیی بەدناوی ئابووریی سەربەخۆوە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی خۆپەرستی هەرێم لە ساڵی 2013 ڕاگەیەنرا. بە سوپاسەوە دادگای فیدراڵیی، لە ڕووداوێکی مێژوویی، بوێرانە، بەرپرسیار و مرۆڤدۆستییدا، لە ڕێکەوتی ٢١/ ٢/ ٢٠٢٤، بڕیاریدا کە مووچەی چین و توێژە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە ململانێی سیاسی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند ڕزگاربکات و ڕاستەوخۆ لە ڕێی بانکە فیدراڵییە حکومییەکانەوە بخرێتە سەر حسابێکی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەم بڕیارە مێژووییە جێگای دڵخۆشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو؛ چونکە سەرەتایەک بوو بۆ بەدەستهێنانی مافە مەدەنییە زەوتکراوەکان، کە لە دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێدراوە، بۆیە لەلایەن هاووڵاتییان بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتیی پێشوازییەکی گەرمیی لێکرا، دوای خەباتێکی بێوچانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ھەرێم لە خۆپیشاندان و کاری مەدەنی.
بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، کە کەمینیەکی خۆسەپێنن، تاوەکو ئەمڕۆ دەستیان بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە نەکردووە وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان دژی بڕیارەکانی دادگا و دەستوورن و یاساشکێنی دەکەن بە چەندین شێواز بەربەست بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی دروست دەکەن. لە کاتێکدا بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی بەپێی دەستوور بات و مولزەمن.
ئێمە دەمانەوێ شکۆی دادگا و سەروەری یاسا پارێزراوبێت، ئەویش بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی وەک خۆی. بۆیە داواکارین هەرچی زووە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی جێبەجێ بکرێ لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا و تەوتینکردنی مووچەکانیان لە هەردوو بانکی حکومی ڕەشید و ڕافیدین و TBI، وە پابەندکردنی هەردوو حکومەت بە بڕیارەکە و لێپێچینەوە لە لایەنی کەمتەرخەم، چونکە وەک دەبینن بەهۆی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگاوە، دۆخی مووچەخۆران لە هەرێم تا بێت بەرەو خراپی دەچێت و هێزە ئەمنییەکان ماوەی (2) مانگە مووچەیان پێنەدراوە و تا ئێستاش چارەنووسی مووچەی مانگی (5)ی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم دیارنییە، کە ئاشکرایە بەهۆی بەبارمتەگرتن و یاریکردنە بە قووتی مووچەخۆران لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە.
بەڕێزان، لە ئێستادا ئێوە لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی دونیایی و دینیدان. پێویستە پشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگرن و مل بۆ فشارە ساختە سیاسیی و ڕاگەیاندنە چەواشەکارییەکانی دەسەڵاتە کاربەڕێکەرەکەی هەرێمی کوردستان نەدەن و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی، وەک خۆی جێبەجێبکەن و نەیکەنە قوربانیی ڕێککەوتنە سیاسییەکان.
بەم کارەشتان دەیسەلمێنن، کە دەستوور چەتری پارێزگارییکردنە لە مافی گشت پێکهاتە و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی عێراقیی.
لە هەمان کاتیشدا دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە هیچ کەس و لایەنێک، لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، لە سەرو یاساوە نییە. بەپێچەوانەوە چاوەڕوانی تووڕەیی گەلی ستەمدیدە و سزای ئەو ئایەتەی خودای باڵادەست بن، کە لە ئایەتی ژمارە ٢٤ ی سورەتی الصافات دەفەرمووێت: "وَقِفُوهُمْ إِنَّهُمْ مَسْئُولُونَ".
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی
٥ ــ ٦ ــ ۲۰۲٤
تێبينيێك بنێرە: