سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەزیری داد دەکات

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان سەرۆک کۆمار


Jun 06, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە د.خالید شوانی وەزیری داد.

لەدیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-6-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، باس لە میکانیزمەکانی چەسپاندنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی یاسا کرا بۆ بەدیهێنانی یەکسانیی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی هاووڵاتیان.
سەرۆك کۆمار جەختی لەپێویستی بەردەوامبونی هەوڵەکانی لیژنەی هاوبەش بۆ ئازادکردنی ئەو راگیراو و دەستگیرکراوانە کردەوە، کە ماوەی حوکمەکانیان تەواوبوە یاخود بڕیاری دادگایان بۆ دەرنەچوە، لە دەرئەنجامی ئەو هەوڵانەش زیاتر لە (12) هەزار دەستگیرکراو و راگیراو ئازادکراون.
بەڕێزیان ئاماژەی بە پێویستی جێبەجێکردنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ کرد لەناوەندەکانی راگرتن و دەستگیرکردن و پەلەکردن لە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ راگیراوان. هەروەها جەختیکردەوە لە پێویستی جێبەجێکردنی پێوەرەکانی دادپەروەری و وردبینی لە دۆسیەی تۆمەتباراندا.
هەروەها سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە، کە پێویستە رێوشوێنەکانی سەردانی هاووڵاتیان بۆ فەرمانگەکانی وەزارەتەکە ئاسان بکرێن و مامەڵەکانیان بەبێ رۆتین تەواوبکرێت و مافەکانیان بپارێزرێت. 
لەلای خۆیەوە وەزیری داد، پشتیوانی سەرۆك کۆماری بەرزنرخاند لە هەوڵەکانی چەسپاندنی دادپەروەری و جەختکردنەوەی لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی بارودۆخی زیندانەکان. هاوکات رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ئەرك و کارەکانی فەرمانگەکانی وەزارەت و پلانەکانی داهاتووی بە ئامانجی جێبەجێکردنی بنەماکانی دادپەروەری و دەستپاکی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵکاران خستەڕو.