لە عێراق ١٨ ملیۆن پەڕە بەڵگەی داعش بە دیجیتاڵی کراوە

(0) / / عێراق / ڕانگە کوردستان داعش عێراق


Jun 06, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - ئانا پێیرۆ لۆپیس، ڕاوێژکاری تایبەتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێسی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێگری بەڕێوەبەری تیمی لێکۆڵینەوە بۆ سزادانی تاوانەکانی داعش لە عێراق، بڵاویکردەوە کە بەو دەستپێشخەرییەی بۆ بە دیجیتاڵکردن دەستیپێکردووە، لە ماوەی شەش ساڵدا ١٨ ملیۆن پەڕە بەڵگەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان بە دیجیتاڵی کراوە و گواستراوەتەوە بۆ پلاتفۆڕمی دیجیتاڵی.
 
لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییدا، لۆپیس زانیاری بە وڵاتانی ئەندام دا سەبارەت بە کارەکانی تیمی لێکۆڵینەوە بۆ سزادانی تاوانەکانی داعش لە عێراق.
 
لۆپیس ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئەرکی تیمەکە لە ١٧ی ئەیلوولدا کۆتایی دێت، لەو چوارچێوەیەشدا هەموو لایەنەکان لە هاریکاری چڕدان بۆ پێشکەش کردنی بەڵگەکان.
 
هەروەها لۆپیس باسی لەوە کرد کە هەموو ئەو بەڵگە، کەرەستە و شیکارییانەی دەستیان دەکەوێت لە پێش ١٧ی ئەیلوولدا ڕادەستی بەرپرسانی عێراقی دەکەن.
 
لۆپیس ئەوەیشی خستەڕوو کە لە سایەی ئەو هاریکارییەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی دەکرێت لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا ٦٧ گۆڕی بەکۆمەڵیان هەڵداوەتەوە و، ١٨ ملیۆن پەڕە بەڵگەیان لە بارەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش گواستووەتەوە بۆ پلاتفۆڕمی دیجیتاڵی، تیمەکە لە هەمان کاتدا هاوکار بووە بۆ ئەو داخوازییانەی لە وڵاتانی سێهەمەوە هاتوون.
 
گوتیشی: "تا ئێستا نزیکەی ٢٠ وڵات داوای پشتیوانیان کردووە، پێش کۆتاییهاتنی ئەرکی تیمەکە هەوڵی وەڵامدانەوەی داخوازییەکان دەدەین".
 
لۆپیس باسی لەوەیش کرد کە تیمەکە هاوکار بووە لە هەڵسەنگاندنی یاسایی ئەو تاوانانەی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی و کۆمەڵکوژییانەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ٢٠١٤-٢٠١٧ ئەنجامیداون و، ئاماژەی بەوەشدا کە هێشتا بەرپرسیاران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە.
 
دوای ئەوەی عێراق لە ١٩ی ئابی ٢٠١٧دا داوای هاوکاری و هاریکاریی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ دادگایی کردنی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتێرێس، لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٧دا تیمی لێکۆڵینەوە بۆ سزادانی تاوانەکانی داعش (UNITAD)ی دامەزراند.
 
بۆ دوایین جار ماوەی ئەرکی تیمەکە تا ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ درێژکرایەوە.