سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە هەرێم کوردستان


Jun 06, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگه ـ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/6/2024 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد كە لە پارێزگارانی پارێزگاكانی هاوسنووری هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە نوێنەرانی ناوچەكە لە پەرلەمانی ئێران پێكهاتبوو.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا خۆشحاڵییان بە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەربڕی و جەختیان لە فراوانكردنی جووڵەی بازرگانی و هاتوچۆ و گواستنەوە لە دەروازە سنوورییەكان كردەوە، هەروەها چەند پێشنیارێك بۆ زیادكردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و فراوانكردنی زیاتری هاریكاریی لە بوارەكانی پزیشكی و گەشتیاری، لەگەڵ كردنەوەی ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەنێوانیاندا، تاوتوێ كرد.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە هاوبەشییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرن و خواستی دوولایەنەیان بۆ برەودان بە هەموو بوارەكانی پەیوەندی و هاریكاریی هاوبەش دووپات كردەوە. شاندی میوان سوپاس و پێزانینی بۆ ئاسانكاریی تێپەڕینی زیارەتكارانی كۆماری ئیسلامی بۆ مەزارە ئایینییەكان لە باشووری عێراق، بە هەرێمی كوردستاندا نیشان دا.

لە كۆبوونەوەكەدا لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر و كونسوڵی ئێران لە سلێمانی، ئامادە بوون.