کۆمیسیۆن: پارتی دیموکراتی کوردستان داوای کردووە بەشداری ھەڵبژاردن بکات

(0) / / كوردستان / ڕوانگە پارتی یەکێتی هەڵبژاردن غولای


Jun 09, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق جومانە غەلای ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق دا بکات.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق جومانە غەلای ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵا کردووە و تیاییدا خواستی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشان داوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ٦ی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند کە دەرگای تۆمارکردنی ناوی ھاوپەیمانییەتی و پارت و بەربژێرانی سەربەخۆ و کۆتاکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - عێراق دەکرێتەوە و ماوەکەش پێنج ڕۆژ دەخایەنێت.

پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە بەشداری ھەڵبژاردنەکان ناکات بەھۆی دەرچوونی چەند بڕیارێک لە دادگای باڵای فێدڕاڵییەوە کە یەکێک لەوانە ھەڵوەشانەوەی کورسی کۆتاکان بوو لە ھەرێم.

ھاوکات ڕۆژی ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو ١٠٠ کورسییەی پەرلەمان، ئەوا پێنج کورسی پەرلەمانی بۆ کۆتای پێکھاتەکان دیاری بکات، بەمەش ژمارەی کورسی گشتی لە سێ پارێزگاکەی ھەرێم کەمبووەوە.

بەپێی دابەشکردنی کورسییەکان، بۆ پارێزگای ھەولێر ٣٢ کورسی، پارێزگای سلێمانی ٣٦ کورسی، پارێزگای دھۆک ٢٤ کورسی و ھەڵەبجە ٣ کورسی دیاریکراوە. کورسی کۆتاکانیش بە پێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەو شێوەیە یەکلا بوویەوە: هەولێر دوو کورسی، سلێمانی دوو و دهۆک یەک کورسی.