بەرەوپێشچون بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان

(0) / / عێراق / ڕوانگە نەوت عێراق هەرێمی کوردستان


Jun 10, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - وەزیری نەوتی عێراق زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەرەوپێشچون بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیەو لەگەڵ تورکیاش گفتوگۆ دەکەین".

حەییان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەست بەگفتوگۆ دەکەینەوە.

وەزیری نەوت ده‌شڵێت:"لەگفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم‌و کۆمپانیاکانی نەوت‌و گاز کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەرەوپێشچونی باش هەیە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن".

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ ئومێد سەباح کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە لەبەغدا، شاندی حکوومەتی هەرێم‌و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق‌و بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبونەوە.

ئه‌وه‌شى وت:"لەکۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پرسەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم‌و حکومەتی عێراق‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان‌و وەزارەتی نەوتی عێراق‌و خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان‌و پرسی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم‌و تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان و میکانیزمی ڕێگەچارە بۆ ئەو پرسە تاووتوێکران".

دەشڵێت، "پڕۆژەی بۆری عەقەبە لە ساڵی 1983وە لەسەر مێز بوە، ئێمە بەرەو کاراکردنی بۆری بەسرە حەدیسە ڕۆیشتین، تا دەگاتە بۆری عێراق-تورکیا، پلانیشمان هەیە ژمارەیەک پاڵاوگەی نەوت لەناسریەو سەماوە و ژمارەیەک ناوچه‌ی دیكه‌ش دروستبکەین".

عەبدولغەنی ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "عێراق ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ڕۆژانە سێ ملیۆن‌و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، هەندێکجاریش سێ ملیۆن‌و 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "عێراق لەداهاتودا پێویستی بەهاوردەکردنی غاز نابێت، یەدەگی غازی عێراق بە 140 ترلیۆن پێی سێجا مەزەندە دەکرێت، کێڵگەی ئۆکاز 60 ملیۆن پێی سێجا غاز بەرهەمدەهێنێت".